چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق بۆ 250 هەزار کەس کەم بووەتەوە

سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر دەرکردنی داعش لە ناوچەکانیان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، رێکخراوەکان و خودی کریسیتانەکانیش دەڵێن هۆکاری سەرەکی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامییە لەو ناوچانە .

لەدوای ساڵی 2014وە زیاتر لە 100 هەزار کریستیان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەی دیکە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵاتن و ئاوارەبوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان گەڕاونەتەوە، ماکس ود بەڕێوەبەری رێکخراوی ئەمریکی بۆ ئاسشتەوایی و پێکەوە ژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ” “لەدوای ساڵی 2017وە تەنیا 20 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، ئەو دەڵێ: “تاوەکو پێش هاتنی داعش خەڵکی ئەو ناوچانە لە ئاشتی دەژیان، ژیانیان رێڕەوێکی ئاسایی هەبوو، هێشتا رۆژانی رەشی هەڵاتن و ئاوارەیی لە نێو ئاوارەکاندا ماوە و نەسراوەتەوە.”
هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو ئاوارانە روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام بەشێکیشیان ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەری عێراق بوون، نزیکەی 40 هەزار کریستیان لە عێراقەوە ئاوارەی ئوردن بوون، هێشتا ئاوارەکان ناشتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لەو ناوچانە .
ستاڤرۆ، مێردمنداڵێکی کریستیانە و ئەو دەمانەی لەبیرە کاتێک داعش هێرشی کرد تەمەنی 6 ساڵان بوو، ئەو دەڵێ: “لەکاتێکدا بەشێکی خەلك لەو کاتەدا کوژران، ئێمە دەبوو بە درێژایی شەو هەڵبێین و رابکەین، چونکە ئەگەر مابوویناوەیان لە برسان دەمردین یان دەکوژراین، رێگەیەکی دووردرێژمان بڕی تاوەکو گەیشتینە ئارامی .”
ئەو هەروەها دەڵێ: “پرسیارمان لە دایک و باوکمان کرد دەتوانین بگەڕێینەوە بۆیاری و قوتابخانە و ژیانی ئاساییی، بەڵام هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرت، نەماندەزانی چۆن رزگارمان دەبێت، بەڵام باوەڕمان پتەو بوو خوا لەگەڵمانە.”
سوزان گریر، بەرێوەبەری هەرێمی رێکخراوی ئەمریکی بۆ ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان دەڵێ: “کریستیانەکانی عێراق هێشتا لە نێو ئازار و دەردەسەریدان پاش 8 ساڵ لە داگیرکردنی ناوچەکانیان، نەک تەنیا لە تراومای داعش، بەڵکو بەهۆی نەبوونی پلانێکی تۆکمە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی ناوچەکانیان و نەبوونی هیچ هەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە .”
هەروەها دەڵێ: ” ئەوە قەیرانێکی مرۆیی بەردەوامە لە ناوچە کریستیان نشینەکان، 8 ساڵە ئەو خەڵکە هێشتا هەر لە نێو دەردەسەریدایە، ئەو ژنە چالاکڤانە دەڵێ: “ئەوانەشی لە عێراق مانەوە کەوتنە نێو دۆخێکی خراپ، ئەوانەی گەڕاونەوە ناوچەکانیان، نە هاوکاری دارایی دەکرێن، نەک خزمەتگوزاری و پێویستییەکانی ژیان هەیە، نە ئاسایش و ئارامیش لە ناوچەکانیان هەیە .
لە دوای ساڵی 2003وە ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق لە نێوان 800 هەزار بۆ ملیۆنێک و 400 هەزار دەبوو، بەشی زۆریان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا دەژیان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین راپۆرتیدا باس لەوە دەکات ژمارەی کریستیانەکان بۆ 250 هەزار کەس کەمبووەتەوە، سێ بەشی زیاتریان لە هەرێمی کوردستان دەژین .
هەرێمی کوردستان دەیان ساڵە پەناگە و شوێنی ئارامی کریستیانەکان بووە، لە 7 ساڵی رابردووش دا زۆربەی ئەو کریستیانانەی ناوچەکانیان کەوتە بەر هێرشی داعش روویان لە هەولێرو ناوچەکانی دیکەی کوردستان کرد، ئەوەش پێگە و شوێنێکی تایبەتی لای کریستیانەکان دانا .
کریستیانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکی و دێرینی عێراقن، هەرچەندە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی کریستیانەکانی عێراق کەم دەبێتەوە، بەڵام زۆربەی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان بێ کێشە دەژین و دەڵێن ئێرە وڵاتی ئەوانە، ساڵی ١٩٨٧دوایین سەرژمێری کریستیانەکان کرا لە عێراق ئەوکات ژمارەیان ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس، بوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە زۆر کەمتر بووەتەوە، لەگەڵ هاتنی داعش و هێرشی بۆ سەر بۆ سەر ناوچە کریستیان نشینەکان زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کریستیان بەرەو دەرەوە کۆچیان کرد، هەروەها نزیکەی ٢٠٠ هەزاری دیکەیشیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەشی زۆریان داگیرکردنی ناوچەکانیان لە ٢٠١٤ لە دەشتی نەینەوا هەرێمی کوردستانیان کردە پەناگەیەکی ئارامی مانەوەیان .
ئێستا هەزاران کریستیان لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر دەژین، ئازادانە لە کوردستان ئاینەکەیان پەیڕەو دەکەن، شەڕی داعشیش وای کرد کەنیسەکانیش ببنە شوێنی مانەوەی ئاوارەکانی مەسیحی لە عەنکاوە، لەگەڵ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاڵپشتی و دووپاتکردنەوەی پەیامی پێکەوەژیان، ساڵی ٢٠١٨ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماڵی تایبەتی قەشەکانی لە رێورەسمێک کردەوە.، لەگەڵ چەندین بۆنەی دیکەی تایبەت بۆ کریستیانەکان.