سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان:پەکەکە سەرانە لە هەنگەوانان وەردەگرێت

بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، کاریگەرییان کردووەتە سەر بەرھەمی ھەنگوین و ھەنگەوانان ناچاربوونە شوێنەکانیان جێبێڵن، وەکو خۆیان دەڵێن، زیانی زۆریان پێگەیشتووە. سەرۆکی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستانیش، دەڵێ، پەکەکە سەرانە وەردەگرێت.

بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی و ھەبوونی سروشت و ژینگەیێکی لەبار، ھەرێمی کوردستان شوێنێکی ھەرە نایابی بەخێوکردنی ھەنگە، ھەنگوینی کوردستان بە یەکێک لە باشترین ھەنگوین لەسەر ئاستی جیھان دادەنرێت، بەڵام ھەناردەکردنی ھەنگوینی بیانیی و کێبڕکێ نەکردنی نرخی ھەنگوینی خۆماڵی لەگەڵی رێگرە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی ھەنگەوانی لە ھەرێمی کوردستان.
بۆ ئەوەی تەنھا یەک کلیۆ ھەنگوین دروست بکەن، ھەنگەکان بە سەر چوار ملیۆن گۆڵدا دەنیشنەوە، خۆ ئەگەر ساڵ ساڵی رووەکی تێسوو بێت، ئەوا ھەنگوینی زۆر و نایاب بەرھەم دێنن.
ساڵانە گۆڕانکاری بەسەر بەرھەمی ھەنگویندا دێت، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٥٠ تۆن و ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ١٠٠ تۆن بەرھەمھاتووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا زیادیکردووە بۆ ٥٠٠ تۆن. لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٥٠٠ تۆن بەرھەمی ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٧٠٠ تۆن، بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت بەرھەمەکە زیاتر ببێت، کە لەسەر ئاستی جیھان خواستی زۆری لەسەرە و ساڵانە بە دەیان تۆن ھاوردەی وڵاتانی جیھان دەکرێت.
جابر ئەحمەد، خاوەنی ٢٥٠ پوورە ھەنگە، بۆ ھەولێر دەڵێت، ئەمساڵ بەرھەمی ھەنگ زۆر باشە، ھەنگەکانی من ئەمساڵ نزیکەی تۆنێک و نیو بەرھەمیان ھەبووە.
ئەحمەد، دەشڵێ:” ھەمیشە کوێستان و گەرمیان بە ھەنگەکانم دەکەم بۆ ئەوەی بتوانم ھەنگوینێکی باش بەرھەم بھێنم، بەڵام ئەمساڵ لە کوێستانەکان ھەنگ باش نەبوو، ئەو ھەنگانەی لە گەرمیان بوون بەرھەمیان زیاتر بوو.
ئەو ھەنگەوانە، زیاتر دەڵێ:” یەک کیلۆ ھەنگوینی باش ٦٠ تا ٨٠ ھەزار دینار دەکات، بەڵام ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە بوونی پەکەکە و تۆپبارانی تورکیایە لە ناوچە سنوورییەکان، لەلایەکی دیکەشەوە ھەنگوینی ئێرانی لێی تێکداوین و رێگرە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی ھەنگەوانی”.
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، بە “ھەولێر”ـی گوت:”بەرھەمی ئەمساڵی ھەنگوین بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشە و زیاتر دەبێ، کە پێشبینی دەکەین بەرھەمی ئەمساڵ ١٠٠٠ تۆن زیاتر بێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، دەشڵێ:” لە ھەرێمی کوردستان ١٥ ھەزار ھەنگەوان و ٧٠٠ ھەزار پوورە ھەنگ ھەن، ئێستا کواڵێتی ھەنگوینی کوردستان بووەتە جیھانی و خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام لەبەر پەکەکە و بۆردومانەکانی تورکیا ھەنگەوانان نازانن روو لە کام شوێن بکەن، کە کاریگەری لەسەر ھەنگ و بەرھەمەکەی ھەیە، کە نەتوانن وەکو پێویست ھەنگەکانیان ببەنە ھەموو شوێنێک، یان ئەگەر ببنە ناوچە سنوورییەکان پەکەکە سەرانە وەردەگرێت، یان بەھۆی تۆپبارانی تورکیا لەناو دەچن، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر ھەنگی ھەنگەوانان لەناو دەچن، ھەر ئەمساڵ لەبەر بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەنگەوانان ھەنگەکانی خۆیان نەبردە کوێستانەکان، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ھاتبا پەکەکە لەو ناوچانە نەبوایە خەڵکێکی زۆر ھەنگەکانی خۆیان دەبردە کوێستانەکان ئەوەش وای دەکرد ھەنگوینی کوردستان دووبەرامبەر زیاد ببێت”.

ھەواڵی زیاتر