وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی نییە

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دانانی پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تاک نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خێزانە و هاووڵاتییان سەرپشکن لەوەی بەکاریبهێنن یاخود نا.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “پێویستە روونبکرێتەوە کە پاکێجی خێزانیی ئینتەرنێت بە هیچ شێوەیەک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تاک نییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ پارێزگاریکردنە لە خێزان و هاووڵاتییان سەرپشکن لەوەی بەکاریبهێنن یاخود نا.”

بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، “ئەو پاکێجە تەنیا دیوارێکی ئەلیکترۆنییە کە دەرفەت دەدات بە دایک و باوکان بۆئەوەی منداڵەکانیان لە تەمەنی هەرزەکاری و منداڵی و گەنجیش لە کۆمەڵێک بابەتی نێگەتیڤ بپارێزن.”

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرجەم کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێتی پابەند کردووە بەوەی لە ماوەی مانگێکدا پاکێجێکی خێزانی دروستبکەن و کۆمەڵێک خاڵی دەستنیشان کردووە بۆئەوەی لە پاکێجەکەدا سانسۆر بکرێن.

لەناو پاکێجە خێزانییەکان ئەم خاڵانە دیاریکراون کە دەبێت کۆمپانیاکان سانسۆریان بخەنەسەر: سووکایەتی بە ئایین و پێغەمبەر و کتێبە ئاسمانییەکان و سەرجەم ئایین و ئاینزاکانی کوردستان، تێکدانی ئاسایشی پێکەوەژیان و کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی رق و دووبەرەکی و تووندوتیژیی ئایینی و نەتەوەیی و…، ماڵپەڕە سێکسییەکان، کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی، قوماری ئەلیکترۆنی و هەموو بابەتەکانی دیکەی قومارکردن، دراوی ئەلیکترۆنی بە هەموو جۆرەکانی، هاندان و ریکلام بۆ جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان، سەرجەم ماددە هۆشبەرەکان، هاندانی تووندوتیژیی خێزانی و تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و منداڵ بە هەموو جۆرەکانیەوە، تووندوتیژی دژی ئاژەڵان.

ئانۆ جەوهەر داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، دوای بەکارهێنانی ئەو پاکێجە خێزانییە، هەر تێبینییەکیان هەبوو بۆیان بنێرن، “بۆئەوەی بە هاوکاریی ئەوان بتوانین بەردەوام ئەو پاکێجە ئەپدەیت بکەینەوە.”

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، دەبێت نرخی پاکێجی خێزانی هەرزانتر یان بە هەمان نرخی ئینتەرنێتی ئێستا بێت و خێراییەکەشی گونجاوتر بێت. هاوکات کۆمپانیاکان دەبێت بە چڕی لە ماڵپەڕ و پێگەکانیان بە بینراو و بیستراو ریکلام بۆ ئەو پاکێجە بکەن بۆئەوەی هاووڵاتییان هانبدەن بۆ بەکارهێنانی.

کۆمپانیاکان دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، 27ی ئابی 2021 ئەو بڕیارە دەرچووە و دەبێت تاوەکو 27-9-2022 سەرجەمیان پێوەی پابەند بووبن. ئانۆ جەوهەر گوتی، “هەر کۆمپانیایەکیش بڕیارەکەی جێبەجێ نەکرد، بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.”

ھەواڵی زیاتر