چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تونێلی ده‌ربه‌ندیخان نۆژه‌ن دەکرێتەوە و دوو تونێلی نوێش دروستده‌کرێن

وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌ و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، تونێلی ئێستای ده‌ربه‌ندیخان نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌ و دوو تونێلی نوێش له‌ ده‌ربه‌ندیخان دروستده‌كرێن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی دوێنێی به‌رده‌م تونێلی ده‌ربه‌ندیخان، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ھەفتەی داھاتوو بە بەشداری نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆڕ دەستپێدەکات بۆ دروستکردنی دوو تونێلی نوێ له‌ دەربەندیخان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌،  لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رەزامەندی درا له‌سه‌ر تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و828  هەزار دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، بە مەبەستی چاککردنەوەی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان.

دوێنێ شه‌ممه‌ 20 ـی ئابی 2022، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی دانیشتووی ده‌ربه‌ندیخان له‌به‌رده‌م تونێلی شاره‌كه‌ خۆپیشاندانیان كرد و داویانده‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تونێله‌كه‌ نۆژه‌ن بكاته‌وه‌، چونكه‌ مانگانه‌ ده‌یان كه‌س به‌هۆی خراپی رێگاكه‌وه‌ تووشی روودای هاتووچۆ ده‌بن و گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.