نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ نۆژەنکرایەوە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن بە رووی هاووڵاتییاندا کرایەوە، کە دەتوانرێت لە یەک کاتدا پێنج نەشتەرگەری تێدا ئەنجام بدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، مشیر بەشیر قائیمقامی زاخۆ و ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆک، دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ کرایەوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بەوەدا، کە گرنگی بە کەرتی تەندروستی دەدەن، چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، جگە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، پلانیان هەیە نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان دابنێن.

پرۆسەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، بە بودجەی 700 ملیۆن دینار، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە.

د.شاکر عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ دەڵێت، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆدا بۆجاری یەکەم لە سنووری قەزاکەیاندا حەوت قەرەوێڵەی چاودێری چڕ دانراوە، لە یەک کاتیشدا دەتوانرێت پێنج نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکەدا ئەنجام بدرێت.

ھەواڵی زیاتر