پرسی سیاسەت و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دیموگرافیای عێراق دەگۆڕێت

عێراق یەکێک لەو وڵاتانەی جیهانە کە زۆرترین کاریگەری لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وەردەگرێت، لە رابردوودا بە پیلان و سیاسەتی جیاواز حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکەکان رۆڵیان هەبووە لە تێکدانی ژینگە و بە بیابانکردن و تێکدانی ئاوەدانی و گوندەکان و وشککردنی تاڵاوەکان، بەڵام ئێستا لەپاڵ خراپی کارگێڕی، گۆڕانکاری کەشوهەوا و کۆنترۆڵکردنی ئاو لە لایەن وڵاتانی دراوسێ هێندەی تر دۆخەکەی تێکداوە و پێشبینی دەکرێ گۆڕانکاری دیموگرافی زیاتر پەرە بستێنێت.

بەپێی دواین ئامار، ٧٥% لە تاڵاوەکانی باشووری عێراق وشکبوون و بەو هۆیەوە کۆچی دانیشتووانی باشوور بەرەو باکور دەستی پێ کردووە و پێشبینی گۆڕینی دیموگرافیای عێراق دەکرێت. بەڕای پسپۆڕانی کەشناسی عێراق، وشکەساڵی سێ هۆکاری هەیە یەکەمیان پێوەندی بە هۆکاری سروشتی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هەیە. دووەم هۆکاری بەستراوەتەوە بەو سیاسەت و پلانەی کە لە بواری ئاودا رەچاو کراوە. وەک ئاشکرایە زۆربەی ئاوی عێراق لە دیجلە و فورات سەرچاوە دەگرێت و وڵاتانی زاڵ بەسەر سەرچاوەکە وایان کردووە ئاوی رووبارەکە روو لە کەمی بکات و ئەو ئاوە نەگاتە عێراق کە پێشتر بە سروشتی خۆی دەگەیشت.
دوو رووباری دیجلە و فورات لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن، حکوومەتی ئەو وڵاتە لە سێ دەیەی رابردوودا کۆمەڵێک بەنداو و پڕۆژەی ستراتیجی جێبەجێ کردووە و هۆکار بووە لەوە پشکی ئاوی عێراق لەو سەرچاوە سروشتییە کەم ببێتەوە.
هۆکاری سێیەمی وشکبوونی تاڵاوەکانی عێراق هۆکارێکی ناوخۆییە و پێوەندیدارە بە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کە نەیتوانیوە بە یەکسانی ئاو دابەش بکات و پشکی ئاوی تاڵاوەکانی کەم کردووەتەوە و وایکردووە کارەساتێکی سروشتی روو بدات.
تاڵاوەکان بە گۆم و رووبەری ئاوێک هەژمار دەکرێن کە زۆر قووڵ نین، بەڵام شوێنێکی گونجاون بۆ ژیانی گیانلەبەران و زۆر جار لە نزیک ئەو تاڵاوانە ئاژەڵداری دەکرێت و بە کۆمەڵێک گوند و ناوچەی ئاوەدانی دەور دراون.
بەر لەوەی وشکەساڵی لە عێراق سەرهەڵبدات، قەبارەی ٤٣%ی تاڵاوەکانی عێراق پڕ لە ئاو بوون بەڵام ئێستا تەنیا ٢٥%یان پڕئاون.
لە دەرەنجامی کەمبونەوەی ئاوی تاڵاوەکان ژیانی گیانلەبەران کەوتووەتە مەترسییەوە ژمارەیەکی زۆریان لە ناوچوون. بابەتەکە بۆ مرۆڤیش کۆچی بە کۆمەڵ و چۆلکردنی گوندەکانی لێ کەوتووەتەوە و خەڵک بەرەو شارەکان کۆچیان کردووە و بەشێک لە ئاژەڵدارانیش روویان لەو ناوچەکانی سەرووتر کردووە.
رێژەی سوێریی ئاوی تاڵاوەکان زۆر زیاتر بووە و ئاژەڵداران ناچارن ناوچەکە چۆل بکەن و لە شوێنێک بگیرسێنەوە کە ئاوەکەی شیاوی خواردنەوەن. بەشێک لە کۆچی خەڵک لە ناو پارێزگاکان روی داوە بەڵام بەشێکی تریش لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر بووە.
بەشێک لەو گۆڕانکارییە دیموگرافییانە پەیوەستن بە سەردەمی رژێمی بەعس کاتێک بە هەزاران گوندی تێکدا بۆ ئەوەی نەبنە شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە و بەرهەڵستکارانی عەرەب. ئەو سەردەمە لە باشووری عێراق تاڵاوەکان رۆڵی گوندەکانیان دەبینی، چونکە چڕ و قامیشەڵان بوون و بە ئاسانی حکوومەت نەیدەتوانی چاودێری جووڵەی مرۆیی بکات.
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دەیەی نەوەدی زاینی هەنگاوەکانی رژێمی بەعسی ئەوکات بۆ وشککردنی تاڵاوەکانی بە گەورەترین کارەساتی ژینگەیی لە سەدەی بیستەمدا هەژمار کرد. رێکخراوەکە گوتبووی ئەو کارەساتەی رژێمی بەعس دروستی کرد هاوشێوەیە لەگەڵ کارەساتی بڕینەوەی دارەکانی دارستانی ئامازۆن لە بەرازیل.
فەرمانگەی ئاوی پارێزگای بەسرا لە سەرەتای ئەم مانگە رای گەیاند تێکڕای رێژەی سوێریی ئاو لە ناوچەی فاو و هارسە گەیشتووەتە سەرووی ستانداردی جیهانی. ژمارەکە لە فاو ٣٠ هەزار یەکە لە ملیۆن و لە ناوچەی هارسە شەش هەزار و ٨٠٠ یەکە لە ملیۆنێک بووە. ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی ستانداردی جیهانی تێکڕای سوێریی نابێت لە هەزار یەکە لە هەر ملیۆنێک زیاتر بێت.
موعین حەسەن یاریدەدەری پارێزگاری بەسرا بۆ میدیاکانی عێراق هۆکاری وشککردنی تاڵاوەکان لە لایەن رژێمی بەعسی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ویستوویەتی هیچ شوێنێک نەبێت ئۆپۆزسیۆن و دژبەرانی رژێمی بەعس خۆیانی تێدا حەشار بدەن.
ئەو پێداگری کردووە کەمبوونەوەی ئەمدواییانەی ئاوی تاڵاوەکان پێوەندی بە سیاسەتی تورکیا و گرتنەوە یان کەمکردنەوەی ئاوی هەر دوو روباری دیجلە و فورات هەیە و لەپاڵ ئەمە خراپی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی ئاو لە لایەن حکوومەتی عێراق کێشەکەی هێندەی تر گەورە کردووە و لە ئاوی تاڵاوەکانی کەم کردووەتەوە.
ئەو روبارانەی لە ئێرانیشەوە سەرچاوە دەگرن کەمیان کردووە و بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە، حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە رووبەرووی ئەو وڵاتانە ببێتەوە و مافی خۆی لەم سەرچاوە سروشتییە جێگیر بکات.
عێراق لە رووی دیموگرافییەوە بە خێرایی لە گۆڕانکاریدایە و لەپاڵ وشکبوونی تاڵاوەکان و کەمبوونەوەی ئای رووبارەکان، رووبەری بیابانەکان زیاتر بوون. ئاوەدانترین شوێنی عێراق هەرێمی کوردستانە و پرسی نیشتەجێبوون لە شوێنێکی ئارامتر، وەبەرهێنان و شەڕی تایفی و کێشەی خزمەتگوزاری و لەپاڵ ئەوانەش گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وایکردووە خەڵکی زیاتری عەرەب بێنە کوردستان و کاتی ئەوە هاتووە پرسی گۆڕانکاری دیموگرافی بە هەند وەرگیرێت چونکە هەرێمی کوردستان خۆی کێشەی خاکی لەگەڵ عێراقدا هەیە.

ھەواڵی زیاتر