شاندێکی وڵاتی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات 

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، بەمەبەستی گفتووگۆکردن لەبارەی چەند پرسێک، لەوانە بازرگانی، سبەی شاندێکی وڵاتی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “بڕیارە سبەی ٢٢ی٨ی٢٠٢٢ رۆژی دووشەممە شاندێکی پارێزگای ئورمیە بەسەرۆکایەتی پارێزگاری ئورمیە ئاغای سادقی سەردانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر بکەن”.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: “مەبەست لەو سەردانەی شاندەکەی وڵاتی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ گفتووگۆکردنە لەبارەی پرسی بازرگانی و ھەماھەنگی زیاتری نێوان ھەردوولا و رێکاری تەواو بگرنەبەر بۆ ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە بە ھەرێمی کوردستاندا بچن بۆ چلەی ئیمام حوسێن”.

ناوبراو گوتیشی: “ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی گفتووگۆ بکەن لەبارەی چۆن بتوانن زیاتر پەرە بەبواری بازرگانی بدەن و ئاسانکاری زیاتر بکرێت و جوڵەی بازرگانی زیاتر بێت، چونکە ھەردوولا ھاوڕان لەسەر زیاترکردنی جوڵەی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و ئێران “.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەگاتە چوار ملیار دۆلار و ھەردوولا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی وەکو پێشوو بۆ ھەشت ملیار دۆلار لەساڵێکدا بەرزبکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر