پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئابی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، کە لە کۆبوونەوەکاندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە سەر بنەمای دەستوور.

لەم رووەوە، هەردوولا رێککەوتن لە سەر درێژەدان بە گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

پاشان حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیریی و لاوان، پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئەرمەنستان و دیدار و کۆبوونەوە و چالاکییەکانیان لەو وڵاتە خستەڕوو.

هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، باسی لە سەردانی شاندی سەربازی هەرێم بۆ هەریەک لە شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا كرد.

ئاماژەی بەوە دا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، بەرپرسانی هەردوو وڵات، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی، لە هەمانکاتدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازیی وڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە، کە دەستی پێکردووە و لە هەنگاوە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمە.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و رێكکارەکانی حکومەتی هەرێم لە رێگەی ئەو لیژنە یاساییەی بۆ ئەم بابەتە راسپێردراوە.

ئەم بڕگەیە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو، تێیدا ئاماژە درا بەو بنەما دەستووریانەی هەرێمی کوردستان پشتی پێ بەستوون لە داکۆکیکردن لە دەسەڵات ومافە دەستوورییەکانی هەرێم، هەروەها ئەو هەوڵانەش خرانەڕوو کە لەمبارەیەوە ئەنجامدراون.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی، هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش کە لە خزمەتی هەموو لایەک و لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.