هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئەمڕۆ ساڵیادی گەورەترین پارتی کوردستانییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەلومەرجێک دامەزرا کە ھیچ حزبێکی کوردی لە ھەرێمی کوردستان نەبوو، لە ھەناوی شکست و نا ئومێدی گەلی کوردستان و دوای جەنگی جیهانیی دووەم لەدایک بوو. پارتی لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزرا، لەسەرەتای دامەزرانییەوە توانیویەتی تەواوی کوردستانیان بە ھەموو جیاوازییەکانەوە کۆ بکاتەوە.

دامەزرانی پارتی
لە ١٦ ئابی ساڵی ١٩٤٦ـدا، بە سەرۆکایەتیی سەرکردەی نەتەوەیی کورد مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە. سەرەتا ناوی پارتی دیموکراتی کورد بووە و لە کۆنگرەی سێیەمدا کە لە ٢٦/١/١٩٥٣، لە شاری کەرکووک بەسترا، بڕیار درا ناوی حزب بکرێتە (پارتی دیموکراتی کوردستان).
لە کۆنگرەی باکۆ ساڵی ١٩٤٨ لە وتارەکەی بارزانیدا، کە زۆر گرنگە ھەمیشە گوێی لێ دەگرن و بارزانی دەڵێ: پارتی دیموکراتی کوردستان ھی ھەموو کەسێکە و ئێمە پێویستمان بە ئاغا، جووتیار، کاسبکار و تەواوی چین و توێژەکان ھەیە و کێشەی ئێمە ھی ھەموو خەڵک و ھی میللەت و نەتەوەیەکە. چاودێران و ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ بارودۆخی ناوخۆی پارتی و ھەلومەرجی کوردستان کردووە پێیان وایە، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی پارتی بەھێزی، ڕێبەرایەتیکردنیەتی لە لایەن بارزانییەوە، چونکە لەسەر دەستی مستەفا بارزانی دامەزراوە و ھێشتا حزبەکە لەژێر سایەی سەرۆک بارزانیدا بەردەوامە لە خەبات بۆ بەدیھینانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی.

ڕۆڵی درەوشاوەی سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی، ڕۆژی ١٦/٨/١٩٤٦ لە شاری مەھابادی پایتەختی کۆماری کوردستان لەدایک بووە و زیاتر لە ٦٠ ساڵە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و ئەو ساڵانەیشی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو لە نێوەندە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا لە ئاستی سەرۆکی وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. سەرۆک بارزانی ھەر وەک پێشمەرگە خۆی دەناساند و گەورەترین شانازی بە لایەوە پێشمەرگایەتییە.
بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا بینی و دواتر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، بە ھەوڵ و کۆششی سەرۆک بارزانی بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا جێگیر کرا. سەرۆک بارزانی لە جەنگی دژی تیرۆردا، ساڵی ٢٠١٤ وەختێ تیرۆریستانی داعش پەلاماری کوردستانیان دا، وەک پێشمەرگە و سەرۆک، شانبەشانی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی کوردستان دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش وەستایەوە و تا تەفروتووناکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگدا مایەوە و ڕابەرایەتیکردنی ئەو شەڕەی کرد و ڕۆڵی گەورە و دیاری لە پێکھێنانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ھەبوو و کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بوو بە ھاوپەیمانی سەرەکیی نێودەوڵەتی دژی داعش.

زەرووریەتی هەبوونی پارتی
عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسول، جێگری دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “لە کاتێکدا کە جیهان بەرەو گۆڕانکاری دەڕۆیشت، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی سەری ھەڵدا، کوردیش وەکو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و کیان، پێویستی بە حزبێکی ڕێکخراو ھەبوو، کە گەلی کورد ڕێک بخاتەوە، بۆ پارێزگاری لە خۆی و بە دەستھێنانی مافی نەتەوایەتی، بۆیە بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٤٦ ھەڵسا بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد، پێشتر چەند ڕێکخراوێک ھەبوون، لەگەڵ ئەم ڕێکخراوانە چەند دانیشتنێک کران، ئێدی بڕیاریان دا ھەموویان یەک بگرن و پارتی دیموکراتی کورد دابمەزرێنن. پارتی مایەی خۆشحاڵیی ھەموو چین و توێژەکانی ئەم کوردستانەیە، بە ھەموو پێکھاتەکان ئایینی و مەزھەبیەوە، بە ھەموو چین و توێژەکان کە لە کوردستان دەژین، بۆیە پێویستە ھەموومان ڕێز لە دروستبوونی پارتی بگرین، بە بەردەوامی ئەو حزبە نوێ بکەینەوە، خزمەتی بکەین، چونکە ئەو حزبەیە توانیویەتی داکۆکی لە مافی گەلی کوردستان بکات، لە کاتە پێویستەکان و لە شکستەکان جارێکی دیکە ھێز بداتەوە خەڵکی کوردستان، ببێتە مایەی خۆشحاڵیی ھەموو خەڵکی کوردستان، بۆیە مێژووی کوردستان سەڵماندوویەتی ھیچ حکومڕانییەک، ھیچ خۆشی و ناخۆشییەک بەبێ پارتی نابێت، بۆیە پێویستە ھەموو کادیرەکانی پارتی بە ئەرکی خۆیان ھەستن، زیاتر پەڕە بە ڕێکخستنەکانی پارتی بدەن، ھەوڵ بدەن ڕۆژبەڕۆژ نوێ بکەنەوە و گەشەی پێ بدەن”.
جێگری دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، ڕوونیشی کردەوە: “ھەرچەندە دژومنان پیلانی نێوخۆی و نێودەوڵەتی زۆریان بۆ لاوازکردنی پارتی و لەناوبردنی سەرۆکەکانی گرتۆتە بەر، بەڵام خۆشبەختانە ھەموویان بێئەنجام بوون، پارتی بەھۆی ئەو پلانە سەرکەوتووانەی لەلایەن سەرۆکەکەی دادەڕێژرێت، ڕۆژبەڕۆژ ئەندام و لایەنگری لەزیادبووندایە، بۆیە تا پارتی ئەو خاوەنەی ھەبێت کە سەرۆک بارزانییە، ھەمیشە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنە”.

پارتی لە مێژوودا
د. عەلی ئیسماعیل، شارەزا لە بواری مێژوو، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “ساڵی ١٩٤٦ چەند لایەنێکی بچووک ھەبوون لە باشووری کوردستان، کە ڕۆڵێکی کاریگەریان نەبوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، بارزانیی نەمر لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزان و کۆمەڵێک ئەفسەری شۆڕشگێڕ لە حزبی ھیوا، ڕوویان لە کۆماری مەھاباد کرد و ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان بینی، ھەر لەوێ بارزانیی نەمر بیری لە حزبێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە بۆ باشووری کوردستان کردەوە؛ ئەوە بوو لە ١٦ـی ئاب لە ساڵی ١٩٤٦ـدا حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان دامەزرا و ھەر دوای ئەوە کۆنگرە و چەندین کۆبوونەوە کران و بارزانیی نەمر بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا، کە ئەوە سەرەتایەک بوو، بەڵام سەرەتایەکی گرنگ بوو و ڕۆژێکی مێژوویی و پرشنگدار بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد. پارتی تا ئەمڕۆ کە تەمەنی گەیشتووەتە ٧٦ ساڵ ڕۆژبەڕۆژ فراوانتر و بەھێزتر و دەستکەوتی یەک لە دوای یەک بۆ گەلی کوردستان تۆمار دەکات، بە بۆچوونی دۆست و دوژمنانی کورد، ئەگەر پارتی نەبووایە و بارزانی نەمر سەرۆکی ئەو پارتە نەبووایە، لە کاتی ڕووخانی کۆماری مەھاباد، ھیچ ترووسکەی ئومێدێک لە کوردستان نەبوو، کە گەلی کورد پشتی پێ ببەستێت، لە شۆڕشی ١٤ـی تەمووز داوا لە بارزانیی نەمر کرا پاش ١٢ ساڵ لە یەکێتیی سۆفیەت بگەڕێتەوە. ئەوە بوو گەڕایەوە و پێشوازییەکی زۆر گەورەی لێ کرا. پارتی بە شێوەیەکی زۆر فراوان گەشەی کردوو و ھاتە مەیدانی خەبات و لە لایەن حکوومەتی عێراق دان بە حزبی پارتیدا نرا. دوای ئەوە شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر ھەڵگیرسا، بووە بنەمایەکی گەورە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی عێراق ناچار بوو گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بکات، کە ھەر کۆبوونەوە و گفتوگۆیەک شۆڕش ھەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەچوو، تا ڕێکەوتنی ١١ـی ئازار، ھەویەکی نیشتمانی نەتەوەییە بۆ گەلی کورد کە بۆ یەکەمجار حکوومەتی عێراق دانی بە مافی حوکمی زاتی بۆ گەلی کورد دانا، بۆیە شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر، توانیی بنەمای دەوڵەتێکی کوردی دابنێت، ھەروەھا ھەر پارتی و بارزانیی نەمر بوون، گەلی کورد لە باشووری کوردستان بکاتە یەک و گەلی کورد لە شنگال تا مەندەلی و خانەقین کۆ کردەوە و لەژێر سێبەری یەک ڕەشمال، ئەویش شۆڕشی ئەیلوول بوو، بۆیە ئەگەر پارتی نەبووایە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ئێستا ھەر وەک پارچەکانی دیکە بووایە، شۆڕشی گوڵان، بەرەی کوردستانی، ڕاپەڕین، پارتی ڕۆڵێکی گەورەی لە ھەموو ئەو شۆڕشانە ھەبوو و سەرکردایەتیی دەکرد. پارتی دەورێکی سەرەکی بینی لە دروستکردنی حکوومەت و پەرلەمان، بارزانیی نەمر شۆڕشێکی سووتاند لە پێناو کەرکووک، ڕایگەیاند، با شۆڕش نەبێت، بەڵام من ئیمزا ناکەم کە کەرکووک کوردستانی نییە، کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناو بردووە.

پارتی وەک تاکە حزبی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی
فکری ئەحمەد، پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ھەولێر دەڵێ: “پێناسەی پارتی کوردایەتییە، لەلایەن پارتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیە بۆ ھەموو نەتەوەکان، پارتی توانیویەتی ھەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە ژێر چەترێکدا کۆ بکاتەوە، ئەویش چەتری پاراستنی نیشتمان و نەتەوەییە، پارتی خۆی بە خاوەنی گەلەکەی دەزانێت و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە حیساب بۆ پارتی دەکرێت، ھەروەھا خاوەن جەماوەرێکی بنکە فراوانە، سەروەرییەکانی مێژوویش زۆربەیان بۆ پارتی دەگەڕێنەوە، بۆیە پارتی لە ڕووی نەتەوەییەوە گرەوی لە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی دیکە بردۆتەوە، ھەمیشە خەونی پارتی سەربەخۆی بووە، پارتی بۆ نەتەوەی کورد دەژیت و بۆ نەتەوەی کورد دروست بووە، بەردەوام ھەوڵی سەرکەوتنی نەتەوەی کورد دەدات، پارتی بڕوای بە یەکڕیزی و یەکگرتنی نەتەوەی کورد ھەیە”.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی ١١١ کورسی ٤٥ کورسیی پەرلەمانی بەدەست ھێنا، لە دوایین ھەڵبژاردنی عێراقیش ٣١ کورسی بەدەست ھێنا.
پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ١٣ کۆنگرەی بەستووە و دوایین کۆنگرەیشی ساڵی ٢٠١٠ بوو لە ھەولێر، بڕیارە ئەمساڵیش لە دھۆک کۆنگرەی ١٤ ببەستێت.