هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سكرتێرى په‌رله‌مان په‌یامێكی پیرۆزبایى ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات 

ڕێزدار/ سەرۆک مسعود بارزانی..

بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان..

بەبۆنەی (٧٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاۆاستەی بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و تێکڕای کادیر و ئەندام و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و سەرجەم لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. 

پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانی پێکهاتەکان بووە و قەڵغانی پاراستنی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان بووە لەهەر هەرەشە و هێرش و مەترسییەک بۆ سەر ژیانیان، ڕۆڵ و کاریگەریی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە پاراستنی کوردستان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکان و سەروەریی نیشتیمان و ئازادی و سەربەخۆییدا بەدرێژایی مێژووی ڕزگارییخوازیی گەلەکەمان بەرز دەنرخێنین.

پارتی دیموکرات بونیادنەر و هێزی پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە و بەهێزترین ڕۆڵی هەبووە لە بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی دۆزی گەلی کوردستان، بۆیە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان لە خەباتی سیاسی و تێکۆشانتان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان و بەدیهێنانی ماف و داوا ڕەواکانی گەلەکەمان بۆ دەخوازین.

هیوادارین ئەو یادە هاندەری یەکڕیزی و تەبایی سیاسی و ھەوێنی زیاتری یەكگوتاریی سیاسی و هاوپەیمانی ڕاستەقینە و کاری ھاوبەشی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بێت بۆ پتەوكردنی پایەكانی ئەزموونەکەمان و پاراستن و بەدیهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەکەمان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین و ئومێدمان ھەمیشە سەرکەوتنتانە.

منی نبی قهوچی

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان

١٦ی ئابی ٢٠٢٢