هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

په‌یامی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به‌بۆنه‌ی 16ی ئاب 

یادی مه‌زنی 16ی ئاب، رۆژی پڕشكۆی دامه‌زراندنی گه‌وره‌ترین و پڕسه‌روه‌رترین پارتی سیاسییه‌ له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌، كه‌ خاوه‌ن مێژووی قوربانیدان و به‌رخودانه‌.

16ی ئاب، له‌ رۆژ ژمێری گه‌لی کوردستان‌، هه‌ڵگری ماناگه‌لێكه‌ كه‌ بۆته‌ جێگه‌ی شانازیمان، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رۆژی له‌دایكبوونی ڕابه‌ر و مه‌رجه‌عی نه‌ته‌وه‌ییمان (سه‌رۆك بارزانی) و ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، وه‌رچه‌خانێكی مێژوویی بوو‌ بۆ كوردستانیان و دروستكه‌ری ئینتیمای نیشتمانپه‌روه‌ری و كوردایه‌تییه‌.

ئه‌م رۆژه‌ مه‌زنه‌ به‌ گه‌رمی له‌ سه‌رۆك بارزانی و له‌ ته‌واوی گه‌لی كوردستان پیرۆز ده‌كه‌ین، شانازی ده‌كه‌ین كه‌ خه‌بات و تێكۆشانمان له‌ ناو رێبازێكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی باوكی روحی نه‌ته‌وه‌ییمان بارزانی نه‌مر بنیادنراوه‌.

دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ساڵی 1946 ، کوردستانی كرده‌ خاوه‌ن بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ و جیهان هه‌ژموون و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناساندن و دروستكردنی شوناس و دۆزه‌كه‌ی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی هه‌بووبێت له‌ئێستادا به‌هه‌ژمونێكی زیاتره‌وه‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كات به‌ ئاراسته‌یه‌ك‌ له‌ئاینده‌دا بتوانێت ببێته‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، كه‌ له‌بنه‌ره‌تیشدا هه‌رله‌پێناو ئه‌و ئامانجه‌ دامه‌زراوه‌ و تێكۆشاوه‌. 

وه‌ك یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان، به‌رده‌وام جێبه‌جێكاری كارنامه‌ و ئامانجه‌كانی پارتیمان ده‌بین و درێژه‌پێده‌ری رێباز و ئه‌و خه‌باته‌ ده‌بین كه‌ 76 ساڵه‌ له‌ پێناو هه‌بوونی كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ خه‌بات ده‌كات و بۆته‌ چه‌ترێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ ته‌واوی بیرۆبۆچوون و ئایدیا جیاوازه‌كان و، باوه‌ری ته‌واوی به‌ پرسی ئافره‌تان هه‌یه‌، له‌و دیدگایه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ش كار ده‌كه‌ین بۆ پاڵپشتیكردن و چه‌سپاندنی هزری مرۆڤسالاری و یه‌كسانی جێنده‌ری له‌ سه‌رجه‌م جومگه‌ و دامه‌زراوه‌كاندا.

دووباره‌ ئه‌م دوو یاده‌ مه‌زنه‌‌ به‌رز و پیرۆز راده‌گرین، به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌‌ ته‌واوی توانا و هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌پێشه‌نگ هێشتنه‌وه‌ی پارتیمان ده‌بێت، به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر جێبه‌جیكردنی به‌رنامه‌ و ستراتیژییه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ خزمه‌تكردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌.

یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان

15ی ئابی 2022