چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کونسوڵی چیک: ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین

کونسوڵخانەی وڵاتی چیک لە هەولێر رایگەیاند، لەمەودوا گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و پراگی پایتەختی چیک دەکرێتەوە.

کارێل کۆرتانێک کونسوڵی گشتی چیک لە هەولێر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای ئەربیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، هەموو رۆژانی دووشەممە گەشتی ئاسمانی نێوان هەولێر و پراگ بەردەست دەبێت.

سەبارەت بە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کونسوڵی چیک رایگەیاند، ئاسانکاری دەکەین لە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر تەنیا بە ترانزێت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەیانتوانی سەردانی وڵاتی چیک بکەن، بەڵام دوای کردنەوەی ئەم هێڵە، لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن راستەوخۆ لە هەولێرەوە سەردانی پراگ بکەن.

چیک لە ناو لیستی وڵاتانی شینگنە، لە باشوورەوە لەگەڵ نەمسا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەڵمانیا، لە باکووری رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ پۆڵەندا و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سلۆڤاکیا هاوسنوورە.

پراگی پایتەختی کۆماری چیک یەکێکە لە خۆشترین شارەکانی ئەوروپا و گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە سەردانی دەکەن، ژمارەی دانیشتووانی کۆماری چیک نزیکەی ١١ ملیۆن کەسە.