پڕۆژەی رێگای نێوان ھەردوو شارۆچکەی سۆران و رواندز دەکرێتە جوتساید و قایمقامی سۆرانیش دەڵێ، بەر لە ھاتنی وەزری زستان پڕۆژەکە تەواو دەکرێت و سوودی بۆ ھەردوو قەزاکە دەبێت.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند” لەچوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جووتسایدکردنی رێگای نێوان ھەموو قەزاکان و شارە گەورەکان پڕۆژەی جووتسایدی نێوان سۆران و رواندز خراوەتە بواری جێ بەجێکردن و بڕیارە پێش ھاتنی وەرزی زستانی ئەمساڵ تەواو بکرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران دەشڵێت” پڕۆژەکە تەواوکەری شەقامی ٤٠ مەتری سۆرانیش دەبێت، بە جووتسایدکردنی نێوان سۆران رواندز جگە لەوەی جوانییەکی زۆر دەبەخشێتە شاری سۆران لەڕووی ھاتووچۆوە ئاسانکاری زیاتری دەبێت بۆ ھاوڵاتیان و گەشتیاران.
مەغدید عەریف ئەحمەد روونی کردەوە” پڕۆژەکە جگە لە دروستکردنی شەقام ھەموو خزمەت گوزاریەکی تێدایە لە کارەبا و ئاو و جوانکاری شەقام و کربیستۆن، ئەمەیش دەبێتە ھۆی پێشکەوتنی سۆران لەڕووی رێگاو بانەوە، بەتایبەتی سۆران و رواندز پێویستیان بە رێگایەکی ستاندەرد ھەبوو لە نێوانیان.