بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەدا نوقم بوو

شەوی رابردوو بەلەمێک بە 80 کۆچبەری عێراقی، ئێرانی و ئەفغانییەوە لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان؛ لە نێوان دوورگەکانی رۆدۆس و گریت ژێرئاوکەوت.

بەرپرسانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان رایانگەیاندووە کە دوای رووداوەکە دەستیان بە هەوڵێکی جیددی کردووە بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە و لە قۆناخی یەکەمدا 29 کەسیان رزگارکردووە کە هەموویان پیاون و هاووڵاتییانی عێراق، ئەفغانستان و ئێرانن.

هەر بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە یۆنانییانە، بەلەمەکە لە کەناراوەکانی ئەنتاڵیاوە بەڕێکەوتووە و ئامانجی گەیشتن بووە بە وڵاتی ئیتاڵیا.  

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-8-2022، حوسێن حەمەکەریم، نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە یۆنان رایگەیاند، “بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان تورکیا و یۆنان کە ویستوویانە بەرەو ئیتاڵیا ببپەڕنەوە، لە دورگەی کارپاتۆس نقووم بووە و بە گوتەی رزگاربوان 80 کۆچبەری تێدا بووە و تەنیا 29 کۆچبەر رزگارکراون.”

حوسێن حەمەکەریم گوتیشی، دوای نقوومبوونی بەلەمەکەیان، هێزەی دەریاوانی یۆنان فریایان کەوتووە و بە گوتەی ئەوان، بەلەمەکە هاووڵاتی عێراقی، ئەفغانی و ئێرانی تێدا بووە.

تورکیا بەردەوام یۆنان تۆمەتبار دەکات بەوەی کۆچبەران لە نێو ئاودا بەرەو تورکیا پاڵ پێوەدەنێت و کارەکە بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە ئەنجامدەدات کە هەندێک جار دەبێتە هۆی ژێرئاوکەوتنیان. لە بەرامبەردا بەرپرسانی یۆنان ئەمە بە تووندی رەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندەی تورکەکان لە قەڵەمی دەدەن. 

بەگوێرەی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵەدا، شەش کۆچبەر لە دەریای ئیجە لە هەوڵی گەیشتنیان بۆ یۆنان خنکاون، سێ هەزار و 419 کۆچبەر و 74 قاچاخچی دەستگیرکراون کە 41یان بیانین.

هەروەها بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە رۆژی 9-6-2022 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا پێنج ملیۆن و 497 هەزار و 733 کۆچبەر و پەنابەر هەن. لە ماوەی پێنج ساڵدا 644 هەزار و 131 کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا. یەک ملیۆن و 427 هەزار و 309 کۆچبەر لەناوخۆی تورکیا دەستگیرکراون و لەم ژمارەیەدا 324 هەزار و 606 کۆچبەر دیپۆرتکراون.  

ھەواڵی زیاتر