زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە ئەركە بەردەوامەكانی دامودەزگەكانی شارەوانی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان، بۆ ئەو مەبەستەش بە بەردەوامی بەش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەندازەی پاركەكان، گوڵ و نەمامی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنن و پاشان شوێنە گشتییەكان بەو دار و گوڵانە دەڕازێننەوە.
تەنیا ئەمساڵ، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سەرقەڵای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، زیاتر لە ٣٠ هەزار نەمام و گوڵی جۆراوجۆر بەرهەمهاتووە كە بەهۆیەوە ڕێژەی سەوزایی سنووری ئەو شارەوانییە زیاد بووە کە لە ئێستادا رێژەی سەوزایی لەو ناوچەیە ٧% و بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو رێژەیە زیاتر بکرێت.
ئەو ژمارە زۆرەی گوڵ و نەمام لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لەلایەن بەشی باخچەکانی شارەوانیی سەرقەڵا بەرهەمهاتوون، كە نزیكەی ٢٥ هەزار نەمام و گوڵ لە سنووری شارەوانییەكە چێندراون و ئەوی تریان دراون بە فەرمانگەكانی حكومەت بەمەبەستی روواندنیان لە شوێنە جیاوازەكان.