چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

كێ پرسی چارەسەریی لەبار برد؟ ئەردۆغان یان قەندیل ..

لە ساڵی 2008، پرسی چارەسەری لە توركیا باسی لێوە كرا، بەڵام لە 2013، ئەو پرسە چووە بواری جێبەجێ كردن و رەجەب تەییب ئەردۆغان، كە ئەوكات سەرۆكوەزیرانی توركیا بوو، لە دیمانە و میتینگەكاندا، بەئاشكرا دەیگوت لە توركیا كێشەی كورد چارەسەر دەكەین. چەند هەنگاوێكیشی نا، كە یەكێك لەوانە كردنەوەی كەناڵی TRT6 بوو بە زمانی كوردی و هەروەها رێگەی دا لە ئامەد، لەسەر تابلۆكاندا بە زمانی كوردی و توركی بنووسرێت و ئەوەیشی لە هەمووی گرنگتر بوو، رێگەی خۆش كرد تا پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، وەكو پارت بەشداری هەڵبژاردن بكات، كە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی توركیا، پارتێكی كوردی وەكوو پارت بەشداری هەڵبژاردن بكات و توانیی 80 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت. بەڵام لە 2015، پرسی چارەسەری لەبار بردرا، قەندیل خودی ئەردۆغانی تۆمەتبار دەكرد بەوەی ئەو پرسەی لەبار برد، ئەردۆغانیش قەندیلی تۆمەتبار كرد.

ئەوەی گرنگە لەو ڕووەوە باس بكرێت، ئەو بەڵگانەن كە كەسایەتییە دیارەكانی ناو پرسی چارەسەری قسەی لەسەر دەكەن، واتە ئەوانەی بۆ خۆیان بەشێك بوونە لەو پرسە و دەزانن بۆچی هەوڵەكە كۆتایی پێ هێنرا.
ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، لەناو دڵی پرسی چارەسەری بوو، یەكێك بوو لەو كەسانەی چەند جارێك چووە ئیمیراڵی و چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوت، لە نزیكەوە لەسەر پرسی چارەسەری و هەوڵی ئۆجەلان بۆ چارەسەری ئەو پرسە ئاگادارە.
تان، لە تازەترین دیمانەیدا، لە بەرنامەی (رۆژەڤی توركیا)، باس لە ناوەڕۆكی پرسی چارەسەری دەكات و ئەو لایەنەش ئاشكرا دەكات، كە پرسەكەی كۆتایی پێهێناوە.
تان، ئاماژەی دا لە نێوان حكوومەتی توركیا و ئۆجەلاندا، رێككەوتنێك هەبوو لەسەر ئەو پرسە، خودی ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵی ئەو باسەی لا دركاندووە، كە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی ئێستای هەدەپە و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەشی لێ بووە. رێككەوتنەكەش چەند خاڵێك بووە كە ئەمانەی خوارەوەن:

• ئیتر پەكەكە بە هیچ شێوەیەك بەرامبەر بە توركیا چەك بەكار ناهێنێت.
• هەموو هێزەكانی پەكەكە لە ماوەی سێ مانگدا لە تەواوی سنوورەكانی توركیا دەكشێنەوە.
• ئەگەر ئەمانە جێبەجێ كرا، توركیا دەبێت هەنگاوی دیاریكراوی دیموكراتی بەرامبەر بە كورد بهاوێت.
• دەبێت دەوڵەتی توركیا، هەموو ئەو كەسایەتییانەی لە زیندان ئازاد بكات، كە بەهۆكاری سیاسی دەستگیر كراون.
• دەبێت هەدەپە، پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی بكات بۆ توركیا، واتە لە پەرلەمان پاڵپشتی لە ئاكەپە بكات و سیستەمی سیاسی بكەنە سەرۆكایەتی.

ئاڵتان تان، لە ئۆجەلانی پرسیوە، ئەی خۆت ئاییندەت چی لێ بەسەر دێت؟ ئۆجەلان گوتوویەتی ئەگەر ئەو مادانەی قسەی لەسەر كراوە جێبەجێ بكرێت، هەر بۆ خۆی منیش ئازاد دەكرێم.
بەڵام تان پێیوایە، قەندیل هۆكار بووە، كە پرسی چارەسەری كۆتایی پێ بێت، چونكە نەیویستووە كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت.
بەڵام رەخنەش لە حكوومەتی توركیا دەگرێت، كە هەرچەندە قەندیل دژی ئەو پرسەش بوایە، ئەگەر ئەوانیش نییەتێكی تەواو پاكیان هەبوایە، دەبوایە گوێ نەدەنە قەندیل.
ئاشكرایە، كە قەندیل بە هیچ شێوەیەك بەگوێی ئۆجەلان ناكات، چونكە چەندە ئۆجەلان پشتگیری لە ئاشتی بكات بۆ توركیا، قەندیل قورسایی كەم دەبێتەوە، یاخود بەشێوەیەكی تر، هەرچەندە ئۆجەلان رۆڵی پێ بدرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، رۆڵی قەندیل كەم دەبێتەوە.
ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا و دۆستی كورد، لەورووەوە نووسیویەتی: ” قەندیل وای دەبینێت، شەڕ بەردەوامی هەبێت، كاریگەری ئاپۆ كەم دەبێتەوە و كاریگەری ئەوان زیاد دەكات. تا ئاپۆ لە ئیمیڕاڵی پەنجەكانی بخاتە پشتی خۆیەوە، قسەی ئەو بۆ قەندیل نایخوات، لە سیلڤانیش ئەمەمان بە چاوی خۆمان بینی. قەندیل بە ئاشكرا دژی ئاپۆ ناوەستێتەوە، بەڵام بەردەوام و بە هەموو شێوەیەك ئەو بێ كاریگەر دەكات“.
ئەو بارودۆخەی لە سەروبەندی پرسی چارەسەری لە توركیا هاتە دی، وای كرد هەدەپە بتوانێت بەبێ ترس و بە هەناسەیەكی فراوان، بچێتە ناو هەڵبژاردن و پروپاگندە بكات، بۆیە توانی 80 كورسی پەرلەمانی بباتەوە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش 102 شارەوانی بردەوە.
بەڵام كاتێك پرسی چارەسەری بوونی نەما و شەڕ بەرپا بوو و فشار خرایە سەر هەدەپە، بینیمان چۆن هەدەپە دەنگەكانی كەمی كرد و 15 پەرلەمانتار و دەیان سەرۆك شارەوانی و سەدان ئەندامیان خراپە زیندانەوە.
كەواتە لە هەموو روویەكەوە، بوونی ئاشتی و گفتوگۆكردن لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی كورد، لەبەرژەوەندی كورد و دۆزەكەیەتی، پێشتریش بەرهەمەكەی بینراوە.