عارف روشدی : پارتی دەیەوێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبێتەوە

راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، خەباتی پارتی بەردەوامە بۆ ئەوەی کورد یەکڕیز و یەک دەنگ بن، بۆ ئەوەی بەرەیەکی بەھێزی کوردی ھەبێت و بتوانێ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانی گەلی کوردستان بکات و دەنگێکی بەھێز و زوڵاڵ ھەبێت.

راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “یەکڕیزی نێوماڵی کوردی بنەمایی سەرەکییە لە ھەرێمی کوردستان و ئەگەر ئێمە یەکڕیز و یەک دەنگ بین دەبینە ھێزێکی بەھێز و کاریگەر لەسەر ئاستی عێراق لە ھەموو ڕوویەکەوە، بۆیە گرنگە کە ھەموو ھێزە کوردستانیەکان یەکڕیز و یەک دەنگ بن، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی کورد دایە و سوودی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە”.

عارف روشدی گوتیشی: “پارتی خەبات دەکات بۆ یەکڕیزی لایەنەکان و رێکخستنی ناوماڵی کوردستانی، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار لەگەڵ یەکێتیی کۆبۆتەوە و دەیەوێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبێتەوە و رێککەوتن بۆ یەکڕیزی کوردستانی بکات لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەرەیەکی بەھێزی کوردی ھەبێت بتوانێ بەرگری لە مافەکانی کوردستان بکات کە ھەر گۆڕانکاریەک لە عێراق ھەبێت”.

روشدی باسی لەوەشکرد: “لەو دانوستانانەی دەکرێن لێک نزیکبوونەوە ھەیە و ئەو لێک نزیکبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش ھەبێت، بۆ ئەوەی دەنگێکی بەھێز و زوڵاڵمان ھەبێت و ھیچ لایەنێک بە تەنھا نەمینێت، چونکە ئەوە پرسێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و ھەرچی کێشەیەک لە ھەرێم ھەبێت بدەینە لایەک و لەسەر ئاستی عێراق یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بین”.

ھەواڵی زیاتر