قایمقامی ئامێدی ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر جێ بەجێکردنی ٧٨ پڕۆژەی نوێ بۆ قەزای ئامێدی نیشانداوە و دەشڵێ، پڕۆژەکان ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێن.
وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند” سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر جێ بەجێکردنی ٧٨ پڕۆژەی نوێ بۆ دەڤەری ئامێدی، ئەویش بە پاڵپشتی پارێزگاری دھۆک پڕۆژە نوێیەکانی ئامێدی جێ بەجێدەکرێن و سەرۆکایەتی حکوومەت ١٥ ملیار دیناریشی بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان کردوە.
قایمقامی ئامێدی دەشڵێت” دوو لەو پڕۆژانە چوونەتە بواری جێ بەجێکردن و ئەوانی دیکەش ھەموویان لەمساڵدا جێ بەجێدەکرێن و زۆربەی کەرتەکانی لەخۆ گرتوە وەک کشتوکاڵ و رێگاو بان و پەروەردە و کارەبا.
وارشین سەلمان روونی کردەوە” جێبەجێکردنی ئەو ھەموو پڕۆژە لە سنووری قەزای ئامێدی کاریگەری لەسەر رەوشی خزمەت گوزاری دەبێت و پڕۆژەکانیش بەسەر ھەر شەش ناحیەی سەر بە ئامێدی دابەشکراون، ھەموو پڕۆژەکان لای ئێمە گرینگ و ستراتیژین، لەبەر ئەوەی خواستی خەڵکی خۆمانە و جێ بەجێی دەکەین.