سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، خەریکە ئامادەکاریەکان بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون تەواو بێت و لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەم مانگە دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، کە قیستەکەش بەجۆرێک دەبێت ھەموو ئەوانەی یەکەکان وەردەگرن توانای پێدانی قیستەکانیان ھەبێت.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ھەنگاوەکانی دەستپێکردنی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی کۆتاییدایە و لیژنەی بۆ پێکھاتووە و زەوی بۆ دابین دەکرێت لە ھەموو شارەکان و لەگەڵ وەبەرھێنەران قسەمان کردووە، بۆیە کاری زۆر باش کراوە و خەریکە کۆتایی پێدێت و دەست بە دروستکردنیان دەکرێت”.
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: “لە بەشێکی زۆری ناوچەکان زەوی دابینکراوە و ئەوەی دیکەش خەریکی دابینکردنین و بۆ وەبەرھێنەرانیش نامەمان بۆ ناردووە، کە بێن مەرجەکانی ئێمە بزانن بۆ ئەوەی دەست بەکارەکە بکەن، چونکە قیستی ئەو یەکانە زۆر کەمە کە ھەمووان توانای پێدانی قیستەکەیان دەبێت و لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی خۆماندایە”.
شوکری ڕوونیشیکردەوە: “بۆ بابەتی قیستەکەش نامانەوێت ئێستا باسی لێوە بکەین ڕەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت کە تەواو بێت رایدەگەیەنین، بەڵام ھەر چۆنێک بێت ئەم مانگە دەست بە دروستکردنی دەکرێت”.