لە باكووری كوردستان نرخی چوار بەرامبەرزیادی كردووە

نرخی گۆشت لە توركیا و باكووری كوردستان، رۆژ بە رۆژ گران دەبێت، نرخەكەی بەجۆرێك بەرزە، هاووڵاتیان لە مانگێكدا یەكجاریش ناتوانن یەك كیلۆ گۆشت بكڕن، بەتایبەت ئەو خانەوادانەی هەژارن و مووچەیان كەمە. تەنیا لەم هەفتەیەدا، نرخی گۆشت 10 لیرەی هاتووەتە سەر.

حكوومەتی توركیا پلانی هەبوو، دوای جەژنی قوربان، نرخی گۆشت كەم بكاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لە توركیا و باكووری كوردستان، نرخی بەرز بووەوە، بۆیە هاووڵاتیان هاواریان لێ هەستاوە و دەڵێن ئیتر ناتوانین گۆشت بكڕین.
ئایدن توفەكچی، سەرۆكی ژووری گۆشتفرۆشانی ئیستانبۆڵ، دەڵێت نرخی گۆشت بەگوێرەی جۆرەكەی و شوێنەكەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە نرخی یەك كیلۆ گۆشتی قیمە تا 200 لیرە بەرز بووەتەوە و بەرزبوونەوەكەش بەردەوامە.
توفەكچی، دەڵێت: ”بەداخەوە یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە نرخی گۆشت گران بێت، ئەو كارەبا گرانەیە، چونكە ئەگەر كارەبا گران بوو، ناچاریت نرخی گۆشت گران بكەیت. ئەو گۆشتەی هەڵدەگیرێت پێویستی بە ساردكەرەوە هەیە، ئەو ساردكەرەوەیەش پێویستی بە كارەبای زۆرە، كاتێك نرخی كارەبا گران دەبێت، نرخی گۆشتیش بەهەمان شێوە گران دەبێت. داوا لە حكوومەت دەكەم، هەر هیچ نەبێت تەنیا بۆ ئێمەی گۆشتفرۆشەكان كە دوكانەكانمان بچووكە، با نرخی كارەبا كەم بكەنەوە“.
تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، 17 گۆشتفرۆش لە ئیستانبۆڵ داخراوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، خەڵك داوای لەسەر گۆشت نییە بەهۆی گرانی نرخەوە.
حاڵی گۆشتفرۆشانی باكووری كوردستان لە توركیا باشتر نییە، لەوێش بەهەمان شێوە نرخی گۆشت زۆر زۆر گران بووە، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتیان نەتوانن بیكڕن.
نرخی گۆشت لە باكووری كوردستان 100% زیاد بووە، هۆكارەكەشی بۆ وشكەساڵی و هەروەها لەناوچوونی ئاژەڵدارییە لە باكووری كوردستاندا.
میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەوەی حكوومەت وەكو پێویست هاوكاری ئاژەڵداری و جوتیاری نەكردووە، بۆیە ئەوانیش دەستبەرداری كارەكەیان دەبن و كاتێك ئاژەڵداری كەم ببێتەوە، بەرهەمهێنانی گۆشتیش كەم دەبێتەوە، بۆیە نرخەكەی گران دەبێت.
لەم ئیمساڵەدا وشكەساڵی زیانێكی زۆری لە باكووری كوردستاندا، بەتایبەت كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری، كە وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، دەیان جوتیار كارەكەیان بەجێهێشتووە و روویان لە شار كردووە.
مەتین محەمەد، لە ئامەد دوكانی گۆشتفرۆشتنی هەیە، نیگەرانە لەو بارودۆخە و دەڵێت گەر نرخی گۆشت هەروا گران بێت، دوكانەكەی دادەخات.
مەتین قسەی بۆ رۆژنامەی ”هەولێر“ كرد و دەڵێت: ”كڕیاری گۆشت زۆر كەمی كردووە، جا ناهەقیان نییە و ئەوان لە كوێ بەو داهاتە كەمەی هەیانە بتوانن گۆشت بە كیلۆ بكڕن. نرخی گۆشتن چوار بەرامبەر زیادی كردووە، هۆكارەكەشی روونە، وشكەساڵی كە ئاژەڵەكان نازانرێت لە كوێ بلەوەڕن، هەروەها حكوومەتی نرخی كارەبا و گازی سروشتیی زۆر گران كردووە، ئەمە وا دەكات نەتوانین قازانج بكەین“.
لە درێژەی قسەكانیدا، كەتین باسی لەوەش كرد، ئەگەر نرخی گۆشت هەروا گران بێت و هاووڵاتیش نەتوانن بیكڕن، ناچارە دووكانەكەی دابخات.

ھەواڵی زیاتر