سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان کۆبووەوە 

کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە 06ـی 08ـی 2022 ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی گەیاندنى خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان ئەنجام درا.

بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەدیوانى پارێزگا، لەگەڵ سەرجەم سەرۆک شارەوانییەکان و به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC/ پارێزگاى هه‌ولێر و بەڕێوەبەرى پارک و باخچەکان و بەرێوەبەرى ژینگە پارێزى کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە گەیاندنى خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان ئەنجام درا.

لەکۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: دەبێت زیاتر ڕێز لەهاووڵاتییان بگرن و بە یەکسانى کاروبارەى هاووڵاتییان ڕایی بکەن و جیاوازى لە نێوان کەسدا نەکەن، ئێمە خۆمان بە خەمخۆرى خەڵکى خۆمان دەزانین و ئەرکە لەسەر هەموو لایەکمان خزمەتى ئەو شارە و هاووڵاتییانى بکەین، ئەگەر لە ماوەى ڕابردوودا زۆرباش کارەکانتان ئەنجام داوە، بەڵام ئێمە هێشتا باشترمان دەوێت، وەکو پارێزگاى هەولێریش بۆ خزمه‌تكردنى زیاترى هاووڵاتییان هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکتان پێشکەش دەکەین.

ئومێد خۆشناو سەبارەت بە ڕێکخستنەوەى شۆستە و شەقامەکان و پاککردنەوەى بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ڕاشیگەیاند: سەربارى هەموو ئەوکارانەى ئەنجامتان داوە، پێویستە کارى زیاتربکەن و ماندوونەناسانەتر کاربکەن.

لەتەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە چارەسەرکردنى کەمئاوی لە بەشێک لە گەڕەکانى شارى هەولێر کە بەسەرپەرشتى ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکان لەسەرەتاى هاوینى ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە بۆ گەیاندنى ئاوى پاک بە هاووڵاتییان، پارێزگارى هەولێر دووپاتى لەسەر بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکە کردووە.

لەکۆتاییشدا پارێزگارى هەولێر باسى لە پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر کرد و جەختى لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەوەى پڕۆژەکان بەردەوامیان هەیە، بەڵام لەمنزیکانە دەست بە گەیاندنى پڕۆژەى خزمەتگوزاریى دیکەى پێویست بۆ هاووڵاتییان دەکەین، ئەوە جگە لە بەردەوامی دان بەو پڕۆژانەى کە لەسەر داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى ئەنجام دراون، هەروەها سەبارەت بەهەڵمەتى چاککردن و نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانیش کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکان کە بەسەرپەرشتى سەرۆکایەتى شارەوانى لەناو شارى هەولێر و لەسەر بووجەى سەربارى پارێزگاى هەولێر ئەنجام دەدرێت، پارێزگارى هەولێر جەختی لەسەر بەردەوامبوونیان کردەوە.