ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوی خێزانی تەواو بووە

 سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی ڕووپێوێکی خێزانی لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەھاوکاری بانکی نێودەوڵەتی ئەنجامبدرێت، کە چەندین بواری جیاجیا لەخۆ دەگرێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئامادەکاریەکانی ڕووپێوی خێزانی تەواو بوونە و تەنھا ماوە ئەو تابلێتانە بکرێن کە پێویستن بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوەکە بۆ بابەتی ڕاھێنانی توێژەرەکان، بەڵام لەبەر بابەتی ئەو دۆخەی عێراق ھەندێک دواکەوت ئەگەرنا پێویست بوو دەستپێبکەین”.

سیروان محەمەد گوتیشی: “ئێستا ئامادەکاریەکان لەڕووی داخلکردنی داتاکان تەواو بوونە و ھەندێک رێکاری کارگێری و دارایی ماوە پارەکە بگاتە دەستمان و تابلێتەکان بکڕین و دەست بە ڕاھێنان بکەین، ڕووپێوەکە لەسەر ئاستی ھەموو عێراقە کە ٢٥ ھەزار خێزان ڕووپێو دەکەن، کە بانکی نێودەوڵەتی پشتگیری دەکات”.

محەمەد باسی لەوەشکرد: “ئەو ڕووپێوە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە کە باسی ھەژاری و بێکاری تێدا دەکرێت، ئەوەی ئابووری و ئەوەی کۆمەڵایەتی باسی تەندروستی و بابەتەکانی دیکەش باسی خوێندن و نیشتەجێبوون دەکرێت، بۆیە دۆخەکە ھەندێک ئارام بێت دەست بەپرۆسەکە دەکرێت”.

ھەواڵی زیاتر