لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەخشە رێگایەک دانراوە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا گوتی، نەخشەرێگایەک لەلایەن وڵاتی بەلجیکا دانراوە کە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی شنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکیشی بۆ بگەرێتەوە، چونکە تا ئاسایی نەکرێتەوە ناتواندرێت ھیچ ھەنگاوێکی بۆ بنرێت، بۆیە ئەوەی ھەیە وەکو فشارێکە لەسەر عێراق و لەسەر ئەوان دەمێنێت ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەن.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، دلاوەر ئاژگەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لە ساڵیادی کارەساتی شنگال ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا توانیمان ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسرێت و ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە لە بڕۆکسل سێ وڵاتە، بەلجیکا و ھۆڵەندا و پەرلەمانی ئەوروپا کە دانیان پێداناوە و ئێستا ماوە وڵاتانی دیکە کە ھاوکارمان بن وەکو ئەڵمانیا و سوید و فەرەنسا کە کاری لەسەر دەکەن، کە ئەوەی پەرلەمانی ئەوروپا دەبێتە پاڵپشتیەکی باش بۆ ئەوان”.

دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: “پەرلەمانی بەلجیکا نەخشە رێگایەیکی داناوە کە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتیان و گەڕانەوەی خەڵکی شنگال و گرتنەبەری ھەندێک رێکار کارەساتی وا دووبارە نەبێتەوە، بۆیە خاڵی گرنگی تێدایە، بەڵام ئەوە لە ناوخۆی عێراقە و پێویستە عێراق ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات کە ئەمە خۆی لەخۆیدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەکو فشارە لەسەر عێراق ئەو بابەتە بەجدی وەرگرێت، بۆیە پێویستە لە ناوخۆی عێراق کاری لەسەر بکات و پێویستی بە ھەنگاوی کرداری ھەیە”.

ئاژگەیی ئەوەشی خستەڕوو: “ئەوەی گرنگە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە کە خەڵک بگەرێتەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پابەندە بەوەی کە شنگال ئاوەدانبکرێتەوە، بەڵام تا ئاسایی نەکرێتەوە ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خەڵک زەحمەتە، ئەوەش پەیوەندی بە دۆخی سیاسی عێراقەوە ھەیە”.