نێچیرڤان بارزانی: بەڵێنمانداوە تاوەکو منداڵێكی رفێندراوی ئێزدی هەبێت، هەوڵی رزگارکردنی دەدەین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، هەرچی لەدەستیان بێت بۆ رزگارکردن و پاراستنی کوردانی ئێزدی دەیکەن و گوتیشی، “ئەوەی لە شنگال روویدا گەورەترین کارەساتی سەردەم بوو.”

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، لە چەند رۆژێکدا بە هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و نابێت کارەساتی شنگال دووبارە ببێتەوە، گوتیشی، “دەبێ هەوڵبدەین کاریگەری ئەو کارەساتە کەمبکەینەوە.” جەختی لەوەش کردەوە کە “بەڵێنمانداوە تاوەکو منداڵێكی رفێنراوی ئێزدی هەبێت، هەوڵی رزگارکردنی دەدەین.”

دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال:

میوانانی رێزدار و ئامادەبووانی خۆشەویست..

پێش هەر شتێک دەمەوێت بەخێرهاتنی هەمووتان بکەم، بە تایبەتی بەخێرهاتنی نوێنەری جەنابی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی دەکەم کە ئەمڕۆ تەشریفی هێناوە لەگەڵ ئێمە بەخێربێیت سەرچاوان. کۆنسوڵی وڵاتانی لە هەولێر، ئەوانەی لە هەولێرەوە هاتوونەتە ئێرە، بەخێرهاتنێکی گەرمیان دەکەم یەک بەیەک زۆر بەخێر بێن سەرچاوان هاتن.

ئەمڕۆ هەموومان بە یەکەوە بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە یادی هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالییەکان دەکەینەوە کە گەورەترین کارەساتی سەدەی بیست و یەکە کە بەسەر ئێزدییەکان و گەلی کوردستاندا هاتووە. سەری رێز لە گیانی پاکی شەهیدان و جانگۆریی ئێزدییەکان دادەنوێنین لەم رۆژەدا.

ئەو کارەساتەی داعش بووە پەڕێکی دیکەی خوێناوی لە مێژووی کوردستان و فەرمانێکی دیکەیە لەسەر ئێزدییەکان، 5 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی بوونە قوربانی. تاوەکو ئێستا دوو هەزار 717 ئێزدی رفێندراو ماون و هێشتا 325 هەزار ئێزدی لە کەمپەکان ئاوارەن، 100 هەزار ئێزدی لە وڵاتانی جیهان پەنابەربوونە. زۆرینەی شنگال وێران بووە و خەڵکەکەی بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.

بێننە بەرچاوی خۆتان، لە ماوەی چەند رۆژێکدا هەزاران ئێزدی گوللـەباران کران و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بە خاک سپێردران. هەزاران کچ و خوشکی ئێزدی رفێندران و کڕین و فرۆشتنیان پێکرا. بە هێزی چەک و کوشتن، هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بگۆڕن.

گەلى خوشک و برا

من دەزانم دڵی هەمووتان پڕە لە خەم و پەژارە و حەسرەت، خەمی ئێوە زۆر گەورەیە، ئەو ژمارانەی ئێمە باسمان کرد زۆر خەمناکە، بەڵام دەبێت هەمیشە گەورەیی ئەو کارەساتە لەبەرچاومان بێت، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین و کار بکەین زووتر چارەسەر بکەین و کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە و هەوڵبدرێت جارێکی دیکە ئەو کارەساتە بەسەر میللەتی ئێمە دووبارە نەبێتەوە.

ئێزدی گوتەیەکیان هەیە دەمەێت لێرە بەبیرتان بمێنمەوە کە دەڵێت:

گەلەک هەنە، دل بکەسەرن

خەوێت شەڤا ژ خۆ دبڕن

لسەر قەوم و مللەتێ خۆ بهەگەڕن

لدنیا و ئاخرەتێ، ل چو بازاڕا ناخوسرن

گەلی ئێزدییەکان

هەر لە رۆژی یەکەمی ئەو کارەساتەوە بەڵێنماندا چی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستن و مانەوەی ئێزدییەکان، سەرباری کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی شنگال، بەڵام رفاندن و کڕین و فرۆشتنی خوشک و دایکی ئێزدییەکان زیاتر لە هەر شتێکی دیکە دڵی ئێزدییەکان و هەموو کوردستانیانی بریندارکرد. ئەمە تاوەکو ئێستا بۆ هەموومان برینێکی کراوەیە و بە ئاسانیش لەبیر ناکرێت.

هەر ئەوکات نووسینگەیەکمان بۆ رزگارکردنی رفێندراوان کردەوە، تاوەکو ئێستا توانیویانە سێ هەزار 554 ژن و پیاو و منداڵ رزگار بکەن. بەڵێنمان داوە تاوەکو ژنێک، پیاوێک یان منداڵێکی رفێندراو مابێت بەردەوام دەبین، ئەمە ئەرکی سەر شانی ئێمەیە و کەمترین شتە، ئەوەی لەدەستمان بێت بەرامبەر بە میللەتی خۆمان و بەرامبەر خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکەین، ئەمە ئەرکی ئێمەیە و هیچ منەتێکی تێدا نییە. داوا دەکەم هەر کەسێک زانیاری دەربارەی رفێندراوەکان هەیە، با هاریکاری لەگەڵ نووسینگەی رفێندراون بکات تاوەکو بتوانن ئەو رفێندراوانە بدۆزنەوە و پشتیوان بە خودا رزگاریان بکەین.

کاتێک ئەو کارەساتە روویدا، بە هاوکاری خەڵکی خۆشەویستی پارێزگای دهۆک و نەتەوەیەکگرتووەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی خێرا و هەمەلایەنەی کرد بۆ نیشتەجێکردن و پشتیوانیکردنی ئاوارەکانی شنگال. هاوکارییەکانی خەڵک لەوکاتەدا و ئێستاش بۆ ئاوارەکان جێگەی شانازی و سوپاس و پێزانینێکی بەردەوامە. زۆر سوپاس بۆ خەڵکی دهۆک، سوپاس بۆ خەڵکی زاخۆ، سوپاس بۆ هەموو خەڵکی بادینان، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەو ناوچەیە دەژین، مامۆستایانی ئایینی، رۆشنبیر، مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایان و هەر کەسێک لەو رۆژەدا رۆڵی خۆیان بینی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ئاوارەی ئێزدی. ئەمە هیچ کاتێک لەبیری مندا ناچێتەوە، لە هەندێک شوێن مامۆستایانی ئایینی بڕیاریاندا مزگەوت چۆڵ بکەن بۆ ئەو ئاوارانە. ئەو تابلۆی پێکەوەژیانە بە تایبەتی لە کوردستان و بە تایبەتتر لە پارێزگای دهۆک جێگەی شانازییە بۆ میللەتی ئێمە، بۆ پارێزگای دهۆک و بۆ کوردستان و بۆ هەموومان و پێویستە تا هەتایە ئەمە بمێنێت و ئەو پێکەوەژیانە بەردەوام بێت.

خۆشەویستان..

هەر ئەوکات سەرۆکی ئێمە مەسعود بارزانی بەڵێنیدا کە شنگال رزگار دەکەن و مەزاری شەرفەدین و لالشی نوورانی بپارێزن. بارەگای مەیدانی خۆی لە بەرەی شنگال دانا و هەتا رۆژی مزگێنی سەرکەوتنی لەسەر چیای شنگال نەدا، بەرۆکی شەڕى لە شنگال بەرنەدا و ئەو بەڵێنەی دابووە گەلی ئێمە، بەجێیهێنا.

ئەو پێشمەرگە مێرخاسانەی بۆ رزگارکردنی شنگال شەهید بوون، ئەوانەی چیای شنگالیان پاراست، هەمیشە جێگەی رێزی گەلی کوردستانن، قارەمانی و خوێنی ئەوان وایکرد کە داعش نەتونێت ئێزدییەکان لەناو ببات.

سوپاسی هەموو رێکخراو و کەسایەتی ئێزدی و کوردستانیان دەکەم کە لە دەروە و وڵاتانی جیهان کاریان کرد بۆ ناساندنی کارەساتی شنگال و پشتیوانی ئێزدیان. سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمان دەکەم ئەاوانەی کە هاریکاری ئێمەیان کرد لەوکاتدا بۆ رزگارکردنی شنگال، هیوادارین بەردەوام بن بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە لە زۆرترین وەڵاتانی جیهان وەک جینۆساید بناسێندرێت.

ئامادەبووانی رێزدار

کوردستان و ئێزدیاتی، ناسنامەیەکی هاوبەشە لە مێژووی میللەتی ئێمە و جوگرافیای ئێمە. ئێزدیاتی ئایینێکی کۆنی کوردستانە و بەر لە هاتنی ئایینەکانی دیکە، کە ژیان و پەیوەندیی مرۆڤەکانی لە کوردستان رێکخستبوو. ئێزدیاتی، دەوڵەمەندیی زمان و کولتووری گەلی کورد و کوردستانیان لەناو دەق و نەریت و سروودی خۆیاندا پاراستووە. کوردستان ناوەندی ئێزدیایەتییە، مانەوەی ئێزدییەکان لە کوردستان، مەرج و پێگەی ئێزدیایەتییە. بۆیە دەبێت ئێزدی لەسەر خاک و خۆڵی شنگال، لە کوردستان بمێنن. دەبێت دەست لە لالشی نوورانی بەرنەدەن و بێ خاوەنی نەکەن.

ئێزدیاتی، لە دووری کوردستان بە زەحمەتە، دوورکەوتنەوەی ئێزدییەکان لە کوردستان هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئێزدییەکان. کوردستان و ئێزدیاتی دوو باوەڕ و جوگرافیایە کە پێکەوە گرێدراون و کەس ناتوانێت ئەو دووە لە یەک جیا بکاتەوە، چونکە باوەڕی ئێزدییەکان بە کوردستانێ بەهێز دەبێت، هەروەک ئەو گوتەیەی ئێزدیەکان هەیە دەڵێت:

جوابێ بدەنە کوردستانێ

بلا قایم کەن ئیمانێ

شەرفەدین میرە لدیوانێ

هەر لێرەوە داوا لە هەموو وەڵاتان و رێکخراوەکانی جیهان دەکەم پشتیوانی لە ناوچەی شنگال و خەڵکی جینۆسایدکراوی ئێزدی بکەن. ئەوەی گرنگە ئەوە بۆ ئاوەدانکردنەوە دەڤەری شنگال، دابینکردنی خزمەتگوزاری و هەموو پێویستییەکانی ئێزدییەکانە لەسەر خاکی ئەوان، پشتیوانی ئێزدییەکان بکەن. پەنابەری لە وڵاتانی جیهان بۆ ئێزدییەکان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر نەمان ئێزدیاتی.

وەک هەموو گەلی کوردستان، ئێزدی لەسەر دەستی هەموو رژێمەکانی پێشووی عێراق کەوتوونەتە بەر جینۆسایدکردن. رژێمی پێشوو بە دەیان گوندی ئێزدییەکانی تێکدان، زۆر ئێزدی بە کۆمەڵ دەستگیرکران و بێسەروشوێن کران، دەستکاریکردنی ناسنامەیان کرا. دوای ساڵی 2003 کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی قاعیدە، لەوانە گوللـەبارانکردنی (40) کرێکاری ئێزدی لە موسڵ، کۆمەڵکوژی گرعوزێر و سیبا شێخ خدر. دوای ئەوانیش داعش دەڤەری شنگالی بە شێوەیەکی سیستماتیک جینۆساید کرد.

کۆکردنەوەی دەیان بەڵگەنامە لەسەر ئەو تاوانەی داعش، هیچ گومانێک ناهێڵێت کە ئەوەی بەرامبەر بە ئێزدییەکان کراوە، جینۆسایدە و تاوانە لە دژى مرۆڤایەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان. واتە ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆییە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو پشتیوانی ئێزدییەکان بکات.

جێی دەستخۆشییە کە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا کە کۆمەڵکوژیی شنگال، جینۆسایدە، هەروەها یاسای پشتیوانیکردنی ژنانی رزگاربووی ئێزدی و کەمینە نەتەوایەتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە. تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاوانی داعش (یونیتاد) هەزاران بەڵگەی بۆ دادگە کۆکردووەتەوە. لە زۆر وڵاتیش هەوڵ هەیە بۆ ناساندنی کارەساتی شنگال وەکو جینۆساید.

ئەمانە هەمووی هەنگاوی گەورەن بۆ پاراستنی ئێزدییەکان، بەڵام یاسای پشتیوانیکردنی لە ژنانی رزگاربووی ئێزدی هێشتا بە تەواوەتی جێبەجێنەکراوە، رەوشی رزگاربووان لە کەمپەکان و لەبەر نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاریی لە شنگال گەلەک خراپە.

هێشتا خەڵکی ئێزدی لەناو کاریگەرییە خراپەکانی جینۆسایددا دەژین. ئەمەش پێویستی بە کاری زیاتری حکومەتی فیدراڵیی عێراق هەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها پێویستە پشتیوانییەکی کراوەی وڵاتان و رێکخراوەکانی جیهان هەبێت بۆ ئەو پرسە. ئێزدی قوربانی جینۆسایدی رێکخراوێکن کە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتی بوو، ئەمڕۆ ناکرێت جیهان ئێزدییەکان لەو رەوشە خراپەدا لەبیر بکات. پێویستە ئەوەی لە توانایاندا هەیە بۆ هاوکاریکردنی ئێزدییەکان بکرێت.

ئامادەبووانی رێزدار..

رەوشی شنگال تاوەکو ئێستا رەوشێکی نائاساییە، هێشتا دەیان هەزار خێزان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شنگال. هەتا ئێستا رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەت فیدراڵی جێبەجێ نەکراوە. خزمەتگوزاری خراپە، ئیدارەیەکی یاسایى لە شنگال نییە، کێشەی هەبوونی هێزی چەکداری لە دەرەوەی سیستەمی بەرگریی عێراق هێشتا چارەسەر نەکراوە. بێ لەبەرچاوگرتنی مەترسیی بۆ سەر ئێزدییەکان و خەڵکی ناوچەکە، خێزانی داعشەکان دەگەڕێندرێنەوە. هەموو ئەمانە وایانکردووە کە رەوشی شنگال ئاسایی نەبێت.

ئەوانەی دەیانەوێت پشتیوانی خەڵک و دەڤەری شنگال بکەن، دەبێت رەوشی شنگال ئاسایی و یاسایی بکەن، ئەوانەی رێگری لە ئاسییبوونەوەی رەوشی شنگال دەکەن، لە خەمی ئێزدییەکان و خەمی شنگالدا نین. دەبێت چیتر شنگال وەکو کارتێکی سیاسی بەکار نەهێندرێت. دەبێت ئێش و ئازاری خەڵکی شنگال نەبێتە یارییەکی سیاسی. دەبێت رێگە بدرێت رەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە.

بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوشی شنگال ئاسایی بکەنەوە و ئیدارەکی شەرعی بەشێوەیەکی یاسایی لە دەڤەرەکە دروست بکرێت و هێزی ناشەرعی هەڵوەشیێنێتەوە، خەڵکی دەڤەرەکە بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی خۆیان دابمەزرێندرێن.

بە پارێزگاکردنی شنگال و تەرخانکردنی بودجەیەکی پێویست بۆ ئەو مەبەستە، دەتوانرێت ببێتە هۆکارێکی زۆر باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال و نەهێشتنی شوێنەواری ئەو کارەساتە. هەروەها ئەو هەنگاوە وادەکات خەڵکی دەڤەرەکە پشتڕاست بکات تاوەکو بگەڕێنەوە سەر خاکی باب و باپیرانیانی خۆیان.

بۆ ئەو مەبەستە داوا لە هەموو لایەنەکانی کوردستان و عێراق دەکەم پشتیوانی ئەو پێشنیارە بکەن. هەروەها داوا لە رێکخراوەکانی ناوخۆ و جیهانی و نێودەوڵەتی دەکەم کە ئەرکی خۆیان بەرامبەر خەڵکی ئێزدی، بەرامبەر شنگالی خۆشەویست لەبیر نەکەن.

بە دوو دەربڕین؛ ئێزدییەکان هێشتا پەرێشان و سەرگەردانن. دوای ئەو جینۆسایدەی بەسەریان هات، ئێزدى پیویستیان بە چاودێرییەکی زۆر تایبەتەو پێویستە ئەمەش بکرێت.