بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی:ئاوی سلێمانی، ئەگەر شیاوی خواردنەوە نەبێ، چۆن دەیدەینە خەڵک

مەزهەر كەریم – سلێمانی

سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ “هەولێر” ئاشكرای دەكات لە 35% بۆ 50%ی ئاوی سلێمانی بەفیرۆ دەڕوات! ئەو دەڵێت: “هۆكارەكەی نەبوونی ئاوگلۆدەر (تەوافە) و شۆردنی ئۆتۆمبیل‌ و شكانی لوولە و بۆڕی و دابڕکردنی ئاوە لە بۆڕییە سەرەكییەکەی سلێمانی دووكان لەو كێڵگە و باخچانەی بۆریەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت”.

هەولێر: باست لەوە كردبوو غەدر لە ئاوی كوردستان‌ و بە تایبەت سلێمانی دەكرێت بۆچی‌ و چۆن؟
سەربەست عوسمان: دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی غەدرە لە نەوەكانی داهاتوو، كەمكردنی ئاوی ژێرزەوی دەبێتەی دروستبونی جووڵەیەك لە تەبەقاتی تەكتۆنیەكان‌ و دروستبونی بوومەلەرزە‌ و زیانگەیاندن بە بەنداوەكان، لە سلێمانی‌ و شارەكانی دیكەش دەست براوە بۆ چینەكانی خوارەوەی ئاوی ژێرزەوی، دەبێت گرنگی بە ئاوی سەرزەی بدرێت وەك چەم‌ و كانیەوەكان”.
هەولێر: نەخۆشینی كۆلێرا كە ماوەیەك پێش ئێستا ژمارەیەك خەڵکی تووش کرد، تەندروستی سلێمانی ئەوەی ڕاگەیاند بەهۆی ئاوی خواردنەوەوە بووە؛ ئەمەش واتای ئەوەیە ئاوی سلێمانی پیسە‌ و بۆ خواردنەوە نابێت، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
سەربەست عوسمان: بەدڵنیایەوە دەیڵێم ئاوی سلێمانی شیاوە بۆ خواردنەوە، هیچ كاتێك هۆكار نەبووە بۆ نەخۆشیی كۆلێرا‌ و ڕشانەوە و سكچوون، توانیومانە بە ڕادەیەكی باش ئاوی پاك دابین بكەین، بەردەوام كلۆر دەكەینە ئاوی ماڵانەوە تا ڤایرۆس و بەکتریای زیانبەخش لێ نەهێڵێت”.
هەولێر: ژمارەیەك رێكخراو باسی ئەوەیان كردبوو ئاوی دەریاچەی دووكان شیاو نیە بۆ خواردنەوە؛ ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
سەربەست عوسمان: بەڵێ ئەوە ڕاستە؛ ئاوی دووكان ئاوەڕ‌وی دەچێتە سەر، لە وڵاتی ئێرانەوە بیگرە تا دووكان كە ناو دەریاچەكەیە، بەڵام ئەو ئاوە لە ڕێگەی وێستگەكانی دووكانەوە پاكی دەكەینەوە‌ و كلۆری تێ دەكەین‌ و پشكنینی بۆ دەكەین، ئەو ئاوە هەمان ئەو ئاوەی زێكە نیە دەدرێت بە هاووڵاتیان”.
هەولێر: ئەی ئەگەر ئاوی سلێمانی نەشیا بۆ خواردنەوە چ دەكەن؟
سەربەست عوسمان: ئەگەر ئاوی سلێمانی پیس داگەڕا یان نەشێ بۆ خواردنەوە، ئاوەکە دەگرینەوە تا چارەسەرێكی بۆ دەدۆزینەوە؛ هیچ بەدیلێك نیە ناشتوانین ئاوی پیس بدەینە ماڵان‌ و خەڵك نەخۆش بخەین”.
هەولێر: ئاوی سلێمانی تا چەندە بەفیڕۆ دەڕوات؟
سەربەست عوسمان: ئاوی سلێمانی لە ٣٥ بۆ 50% هەرز دەڕوات؛ لەبەر ئەوەی تانکی تەوافەی لێ نابەستن؛ لەبەر شكانی بۆڕی و شۆردنی ئۆتۆمبیل‌ و ئاودانی باخچەكان‌ و دابڕینی ئاو بە نهێنی و بە دزییەوە لەلایەن خاوەن كێڵگە و باخچەكانی سەر رێگەی بۆڕیەكان لە دووكانەوە بەرەو سلێمانی”.
هەولێر: سلێمانی لەنێوان دوو دەریاچەدایە؛ دووكان‌ و دەربەندیخان، بۆچی بێئاوە؟
سەربەست عوسمان: لەچاو شار و ناوچەكانی دیكە و وشكەساڵیدا سلێمانی بێئاو نییە؛ كانیەكانی سەرچنار و دەریاچەی دووكان بەهانای سلێمانیەوە هاتوون، ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانش نایەتەوە سلێمانی”.
هەولێر: ئی خۆ لەو ماوەی پێشوودا لە چەند گەڕەكێكی سلێمانی خۆپیشاندان كرا لەسەر كەمئاوی و بێئاوی؛ ئەی ئەوە چی بوو؟
سەربەست عوسمان: بیرمان نەچێت ئاویش ڕەنگی پەیدا كردووە وەك هەموو ڕەنگەكان؛ مەبەستم ئاویش کراوەتە سیاسی! سیاسیەكان هەندێك سوود لە کەمئاوی وەردەگرن و بۆ مەرامی سیاسی بەكاری دەهێنن؛ نەدەبا وا با؛ ئەگەر حزبێك یان سەرمایەدارێك‌ و بازرگانێك بە دابینكردنی شەش تەنكەر ئاو، كە ناکاتە مەسرەفئاوی ڕۆژێكی هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكانە، ئەگەر ڕاست دەكات با بێت هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بكات كێشەكانمان بۆ چارەسەر بكات”.
هەولێر: ڕۆژانە چەنێک ئاو لە بەنداوی دووكانەوە دابەش دەكرێت بەسەر هاووڵاتیانی سلێمانیدا؟
سەربەست عوسمان : ڕۆژانە دووهەزار مەتر شەشپاڵوو ئاو دەهێنرێتە خەزانەكانی سلێمانی و دابەش دەكرێت بەسەر گەڕەكەكانی شاری سلێمانیدا؛ بەڵام ئەگەر كێشە و گیروگرفتمان بۆ دروست بێت ئەوا بڕەکە كەم دەكات كە دیار نیە چەندە بێت”.
هەولێر: هاووڵاتیان باس لەوە دەكەن نایەكسانی لە دابەشكرنی ئاودا لەگەڕەكانی سلێمانیدا هەیە؛ بۆچی‌ و چۆن؟
سەربەست عوسمان: فەرقی هیچ كەسێك ناكرێت لە هەر پێگەو پۆستێكدا بێت، بەڵام دەمێك ساڵە لە سلێمانی وەهایە تا ئەو ماڵانەی جێگەكانیان بەرزە ئاو نەگرنەوە ئەو ماڵانە ئاویان بۆ ناچێت كە لە نزماییدان؛ ئەوە نایەكسانیەش لای ئێمەوە نییە”.
هەولێر: چەند بیر و چاڵاوی حكوومییشتان هەیە؛ تا چەند سوودتان لێ بینیوە لەم وەرزی هاوین‌ و وشكەساڵیەدا؟
سەربەست عوسمان: ئێستاکە شانزە بیرمان كار دەكات؛ دوو چاڵاوی دیكەشمان ئامادەیە بۆ كاركردن، تا سوود بە خەڵكی شاری سلێمانی بگەیەنێت بێئاو نەکەون.

ھەواڵی زیاتر