ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەکانى یەکەی 70 و 80 یەکدەخرێنەوە 

عەقید فەرمان فەرهاد، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگەیاند، رێکخستنەوە لە بنبڕکردنى دوو مووچە و مووچەی نایاسایی کراوە، تاکو ئێستا 31 هەزار و 382 ئەفسەر و پێشمەرگە هەژماری بانکیان بۆ کراوەتەوە و لە بانکەکان مووچە وەردەگرن.

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرەی وەزارەتى پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا، تاکو ئێستا 20 لیوا لە هێزەکانی پێشمەرگە بە هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکخراونەتەوە و دوو لیوای دیکەش لە ژێر پڕۆسەی یەکخستنەوەدان.

بڕیاریشە ساڵى داهاتوو بە هەماهەنگى وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى ئەرکان، تەواوى هێزەکانى یەکەی 70 و 80  بخرێنەوە سه‌ر وەزارەتى پێشمەرگە.

ئه‌م به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ گوتی: ”لە کابینەى نۆیەم گرنگی زۆر بە پێدانی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی  پێشمەرگەى کوردستان دراوه‌، ئەمەش بە هاوبەشى لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان، تاکو ئێستا زیاتر 60%ی هێزەکانى پێشمەرگە بەشدارییان لە مەشق و راهێنانە سەربازییەکان کردووە و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی دەبێت.”

سەبارەت بە سەنگەرسازی و پڕچەککردنى هێزەکانى پێشمەرگە، ئەو بەرپرسە گوتیشی: ”سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە پتەوکراون و بە تەواوەتی ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشەیەکی دوژمنانی کوردستان، هەروەها لە ئێستادا چەکى پێویست و گرنگ بۆ هێزەکانى سەر بە وەزارتى پێشمەرگە هەیە و تەواوى هێزەکان چەک و کەلوپەلى سەربازى پێویستیان لەبەردەستە”.

بەپێى داتاکانى وەزارەتى پێشمەرگە 3 هەزار و 18 دۆسیەی خانەنشینی بەهۆکاری تەندروستی، سەربازی و کۆچکردن گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری. هەروەها هەزار و 18 دۆسیەی شەهیدانی سەنگەری دژ بە تیرۆریستانی داعشیش گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەر لە میانەى چاکسازییەکانى وەزارەت دا 9 هەزار و 646 کەمئەندام چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و دۆسیەیان بۆ ئامادەکراوە.

ھەواڵی زیاتر