دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنە عێراقیەکان دەرفەتێکی زێڕینە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیار بوو ڕۆژی شەممە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار کۆ ببێتەوە، بەڵام ھەر زوو لایەنگرانی سەدر گەیشتنە نێو ھۆڵی پەرلەمان و ڕێگەیان نەدا دانیشتن بکرێت. ناکۆکیی نێو ماڵی شیعە، پەرلەمانی عێراقی بەشێوەیەک پەکخستووە کە دوای نزیکەی ١٠ مانگ لە ھەڵبژاردن ھێشتا حکوومەتی عێراق پێک نەھێنراوە.

خۆپیشاندان لەنێو پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و داوا دەکەن پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، خۆپیشاندەران دەڵێن، لێرە ناڕۆین تا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت.
سەرۆک بارزانی، لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە ڕوفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزان، لە بارەی ڕەوشی ئێستای عێراقەوە گوتی:” ئێمە زۆر نیگەرانین لەو قەیرانەی ئێستا عێراق تێیدایە، لەدوای ڕووخانی ڕژێم سوود لە دەرفەتەکە وەرنەگیرا و دەستوور بەلاوە نرا و ھۆکاری کێشەکان چارەسەر نەکرا و مامەڵەی ھەڵە لەگەڵ ئەنجامەکان کرا. خەڵکی عێراق بە گشتی، ئەوەندە ئازاریان چێشتووە، شیاوی ئەم ژیانە نین، ئێستا تێیدان، ئومێدەوارین ھەموو لایەک ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بە نیازێکی پاک و ئیرادەیەکی پۆڵایین ئەم قەیرانە کۆتایی بێت و جارێکی دیکە ئەم جۆرە کارەساتە نەبینینەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان بانگھێشتی ھەولێر دەکات و دەڵێ: “ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە بەشێک دەبێت لە چارەسەر، بۆیە لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکانی عێراق بانگھێشت دەکەین، بێن لە ھەولێری پایتەختی دووەمیان دەست بە گفتوگۆیەکی کراوەی کۆکەرەوە بکەن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، چونکە ھیچ کێشەیەک نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەکرێت، چونکە لەم دۆخە ھەستیارەدا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، ھەر زوو چوارچێوەی ھاوئاھەنگی ڕایگەیاند، پێشوازی لە بانگھێشتەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ گفتوگۆیەکی نیشتمانییانە.
سیاسەتی ھەرێمی کوردستان و مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕووداوەکان، بە لای چاودێرانەوە مەنتیقییە و پێشیان وایە لە دۆخێکی وەھادا، یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد، زەروورەتێکی حەتمییە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، بۆیە یەکڕیزی و یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ئان و ساتێکی وەھا ھەستیاردا زۆر گرنگە و کارێکی ژیرانەیە”.
د.ھەژار نەوزاد، چاودێری سیاسی لە دھۆک، بۆ ھەلێر دەڵێت: “ھەر دوای ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی ھەرێم حزب و لایەنە عێراقییەکان و کوردستانییەکان پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کرد، چونکە پێیان وایە بە شەڕ و ئاژاوە ھیچ کێشەیەک چارە نابێت، بەڵکو بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەجێی خۆیدا بوو، تا لایەنە عێراقییەکان دەست بە دانوستان بکەن”.
د.ھەژار، دەشڵێ: “پێویستە کورد لەم قۆناغەدا، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکات و،‌ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە ھەموو کاتێکدا گرینگە، بە تایبەت لە پێشھاتێکی وەھادا، کە ھاتۆتە پێش، لەبەر ئەوەی کورد بە یەکڕیزیی سیاسی و یەکگوتاری دەتوانێت بەسەر ئاستەنگەکاندا سەرکەوێت و، ھەر ڕووداوێکیش دێتە پێش، پێویستە زیانەکانی لە خۆمان دوور بخەینەوە، نەبین بە بەشێک لەو ململانێیەی کە لە نێو ماڵی شیعە ھەیە، چونکە مەترسیی ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە عێراق ھەیە، لەگەڵ ئەوەش ئەو ئاڵۆزی و کێشانەی لە عێراق ھەیە ناگوازرێنەوە بۆ ھەولێر، چونکە ھەرێمی کوردستان جیایە لە عێراق، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی ھەرێم ئەوەی پێویست بووە بۆ خەڵکەکەی خۆی کردووە، دەستی بۆ چاکسازی بردووە، گەندەڵی کەم بۆتەوە، ھەموو مانگێک لە کاتی خۆی مووچە دابەش دەکرێت، ئەوەش وای کردووە کە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان جیاواز بێت لەگەڵ عێراق، چونکە حکوومەتی ناوەند نەیتوانیوە خواست و داواکاریی ھاووڵاتیانی خۆی جێبەجێ بکات، كە خۆپیشاندەران لە ساڵانی ڕابردوودا دایانە حکوومەت، کە داواکارییەکان بریتی بوون لە خزمەتگوزاری سەرەتایی و دابینکردنی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش بۆ ھاووڵاتییان و نەھێشتنی گەندەڵی لە دەمودەزگاکاندا.
کۆڤان عەبدولغەفار، چالاکوانی سیاسی، بۆ ھەولێر ڕوونی کردەوە: “عێراق لە دوای ٢٠٠٣ ئارامی بە خۆیەوە نەبینیوە بەردەوام شەڕ و ئاژاوە ھەبووە، ئەوەش ھۆکارە کە ھاووڵاتییان ھەست بە ئاسوودەی نەکەن.”
عەبدولغەفار، گوتیشی: “لە ھیچ وڵاتێک نەبووە دۆڕاو ڕێگری بکات لەوەی براوەی ھەڵبژاردنەکان حکوومەت پێک بھێنێت، شتێکی خەتەرە و پێشبینی زۆر شتی دیکە دەکرێت، بەتایبەتی شەڕی شیعە، شیعە، کە ئەوە زۆر خەتەرە و عێراق بەرەو تۆنێلێکی تاریک دەبات و دەرچوون لێی زەحمەتە”.
ئەو چالاکوانە، جەختی لەوەش کردەوە: “ھیچ حکوومەتێک سەرکەوتوو نابێت بەبێ سەدر، چونکە ھەر کاتێک دڵی ھاتێ شەقام دژی حکوومەت دەجووڵێنێ و ئەوەی دەوێت دەیکات، ئەوەش بۆ ئەوەیە چوارچێوەی ھەماھەنگی حکوومەت پێک نەھێنێت، چونکە شەقام ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە پرسە سیاسییەکاندا، لێرەشدا تەنھا ھاووڵاتییان زەرەرمەندی یەکەم دەبن، ھەبوونی ناکۆکی قوڵی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بە تایبەت لە نێو ماڵی شیعە کە پێکھێنانی حکوومەت لە ئەستۆی ئەوانە”.
ھۆزان خورشید، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ” ھەولێر” درکاندی: “ئەو ناسەقامگیرییەی کە لە عێراق ھەیە ناگوازرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، توانیویەتی حکوومەتێکی نیشتمانی و توکمە دروست بکات و زۆربەی خواستەکانی ھاووڵاتییان جێبەجێ بکات، لە ئەنجامی چاکسازی لە دامودەزگاکانی حکوومەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە گشت کەرتەکانی حکوومەتدا”.
ئەو شرۆڤەکارە، ئاشکرای کرد: “دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری وڵات، عێراقی بەو ڕۆژە گەیاند، چونکە ھەمووان دەزانن عێراق وڵاتێکی فرە پێکھاتەیە و وڵاتانی ھەرێمی ئەم جیاوازییەی قۆستۆتەوە و میلیشیاکانی چەکدار کردوون و مووشەک و چەکی پێداون و ھەر کەسێک بەدڵ نەبێت لەو ڕێگەیەوە ھێرش دەکاتە سەر، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت پێموایە چیتر عێراقێکی یەکگرتوو نامێنێت و ھەنگاو بۆ دابەشبوون دەنێت لە نێوان کورد و شیعە و سوننە.
ھۆزان، ئاماژەی بەوەش کرد:” ھەرێمی کوردستان بەھۆی پێگە بەھێزەکەیەوە لە ڕابردوودا ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقدا ھەبووە، کورد ھەمیشە لەگەڵ چارەسەری کێشەکان بووە تا کێشەکان زیاتر ئاڵۆزی بە خۆیانەوە نەبینن، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق ئەوەیە سەرەتا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بگاتە ڕێککەوتن، چونکە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ عێراق و ڕۆڵی ھەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیش ھەرێم پێگەیەکی بەھێزی ھەیە”.

ھەواڵی زیاتر