پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هۆكارێكی سەرەكیی ئاڵۆزییەکانی عێراق ڕۆڵی خراپی دادگای باڵای فیدراڵییە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەوە بووە بە پشتبەستن بە دەستوور کێشەی نێوان دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمە فیدراڵییەکان لەگەڵ ناوەند چارەسەر بکات و هاوکات چاودێری جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور بکات، ئەو دادگایە نەک نەیتوانیوە ببێتە دامەزراوەیەکی یاسایی متمانەپێکراو بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، بگرە خۆی هۆکار بووە لەو دۆخە خراپەی بەربینگی عێراقی گرتووە و دۆخی سیاسیی وڵاتی شپرزە کردووە.

لە سیستمە فیدراڵییەکان و تەنانەت لە سیستمە سیاسییەکانی تری جیهانیش دادگایەکی باڵا هەیە کە دواجار کێشە و گرێکوێرەکان چارەسەر دەکات و وەک مەرجەعێکی یاسایی ئاو بە ئاگرەکان دادەکات. لە عێراق دەبوایە هەر لە دوای نووسینەوەی دەستوور ئەو دادگایە دامەزرابا بۆ ئەوەی بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت بەڵام زۆر درەنگتر لە کاتی خۆی و ئەویش بە کەم و کورتی و هەژموونی لایەنێکی سیاسی دامەزرا و ئەو ڕۆڵەی نەبینی کە دەبوایە بیگێڕێت.
وەک ئاشکرایە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چ لە بواری بودجە و پشکی هەرێم و چ لە بواری جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و شایستەداراییەکانی پێشمەرگە و پرسی نەوت و گاز کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو هەبوون کە کاریگەریی خراپیان بۆ سەر پێوەندییەکانی هەولێر و ناوەند هەبووە و ئەگەر زوو دادگاکە دامەزرابا و بە بێلایەنی و بە پشتبەستن بە دەستوور بە ئەرکی خۆی هەستابا، کێشەکان هێندە بەسەر یەکتردا کەڵەکە نەدەبوون.
هەڵوێستی لایەنگیرانەی دادگای باڵای فیدراڵی و سیاسیبوونی ئەو دامەزراوەیە کاتێک ئاشکرا بوو کە ساڵی ٢٠١٧ دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بڕیاری هەڵوەشادنەوەی دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆمی دا و هەر ئەو کات زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و یاسایی بە هەنگاوێکی هەڵەی دادگاکەیان لەقەڵەم دا. ئەوکات د. مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراو باسی لەوە کرد کە بڕیارەکەی دادگا سیاسییە چونکە هیچ بڕگەیەک لە دەستووردا نییە ڕێگری لە ڕیفراندۆم بکات. ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پرسی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ هاتبایە سەر خەت و هەر زوو مشووری ئەم کێشەیەی خواردبا لەوانەیە کورد ناچار نەبووبا یەکلایەنە ڕیفراندۆم بەڕێوە بەرێت.
لە ساڵەکانی دواتریش بە تایبەتی لەمساڵ و ساڵی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆڵی زۆر خراپی بینی لەو بڕیارانەی پێوەندیدار بە نەوت و گاز چەند پرسێکی تر دای. دادگاکە تەنانەت لە سەرخستنی ئاسایش و سەقامگیریی بەغداش نەیتوانی بە باشی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقەوە لە جیاتی ئەوەی کە گرێکوێرەکان بکاتەوە، گرێکوێرەی تری دروست کرد و سەری لە لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق شێواند.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ لەبارەی ڕەتکردنەوەی هەندێک کاندیدی سەرۆک کۆماری و پاشان پرسی دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق و دەرکردنی هەندێک بڕیاری سیاسی لەبارەی مافی دەرهێنانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، هێندەی تر ڕوی ڕاستەقینەی خۆی و سیما سیاسییەکەی ئاشکرا کرد و تەنانەت بڕیارەکانی دادگاکە لە پرسی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی حکوومەت کاریگەری نەرێنی هەبوو و هەرگیز نەیتوانی بەرچاوروونییەک بداتە شەقام و لایەنە سیاسییەکان، کار گەیشتە ئەوەی حساب بۆ دامەزراوەکانی تریش نەکرێت و شەقام بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکار بهێنرێت.
نزیکەی سێ ڕۆژە خۆپێشاندەران پەرلەمانی عێراقیان کۆنترۆڵ کردووە و دۆخەکە لە عێراق گەیشتووەتە ئاستی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر ڕووداوەکانی پەکخرانی پەرلەمان و تەنانەت قسەکردن لە گۆڕینی سیستمی سیاسی و دەستووریش متەقی لێ نەهاتووەتە دەرەوە و نەیتوانیوە بێتە سەرخەت و بە پشتبەستن بە ڕێگەچارەیەکی دەستوری ئاوێک بەو ئاگرەداکات کە لە عێراق سەری هەڵداوە.
دادگای باڵای فیدراڵی خۆی لەقەرەی ئەو پرس و بابەتانە داوە کە هەندێکیان کۆنن و دەبێت بە ڕێککەوتن چارەسەر بکرێن، بەڵام چونکە نیەتی سیاسی لە پشت بووە و ویستوویەتی گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا زیندووی کردنەوە و تەنانەت بڕیاری نارەواشی دەرکرد کە هەر زوو لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەت و دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ڕەت کرانەوە و بە بڕیاری سیاسی هەژمار کران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەو هەوڵانە ئاگادار کرایەوە.
بەپێی دەقەکانی دەستوور دەبوایە دادگای فیدراڵی قسەی لەسەر قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووەکان و قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ڕژێمی پێشوو هەبوایە بەڵام هەموو کاتێک بێدەنگ بووە.
لە ساڵی ٢٠١٧ حکوومەتی ناوەندی عێراق دژی هەرێمی کوردستان لەشکری بەکار هێنا، لە کاتێکدا دەستوور ڕێ بە بەکارهێنانی سوپا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان نادات، ئەو دادگایە هیچ کاتێک هەڵوێستی نەبوو و چاوی لەو پێشێلکارییانەش نووقاند کە بەرانبەر بە خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئەنجام درا و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دووبارە کرانەوە.
لە دەستووردا بە ئاشکرا باس لەوە کراوە کە نابێت هیچ میلیشیایەک لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە یاساییەکانی عێراق دروست بێت، بەڵام میلیشیاکان تەواوی وڵاتیان تەنیوە و پارە و داهاتی عێراقیان دەرخوارد دەدرێت و بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات، ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵی بە ڕۆڵی خۆی هەستابا ئەو هەموە گرووپە سەریان هەڵنەدەدا.
لێرەدایە هەبوونی دادگایەکی باڵای فیدراڵی کە بێبەری بێت لە ئینتیمای گرووپی و مەزهەبی و ئیتنیکی بۆ عێراقی فیدراڵ بە پێویست دەزانرێت و کاتی ئەوە هاتووە دادگاکەی ئێستای عێراق هەڵوەشێتەوە بەر لەوەی کێشە و گرێکوێرەی تر بێنێتە کایەوە.