سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە 01ـی 08ـی 2022 لەگەڵ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق کۆبووەوە و بیروڕا سەبارەت بە چەند بابەتێکی گرنگ ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی لە جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەبۆنەی یادی 39 ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان سەرەخۆشیی لە سەرۆک بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵی خۆی لە ناوەندە نێودەوڵەتیییەكان دەدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە.
هەر لەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهاتەكان ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دەستوور بنەمای لەیەكتێگەیشتن بێت.
هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە دەبێ بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن نەمێنن و هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێت و دەبێ مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش پارێزراو بێت. بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بكرێت.