چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حاجی خانزاد چیرۆكی ئه‌نفالكردنی 33 كه‌سوكاری خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌

ماڵ نییه‌ له‌ دەڤەری بازران زیاتر لە كەسێكی ئه‌نفال نه‌كرابێت، كه‌سوكاره‌كانیان هه‌ریه‌كه‌یان یه‌ك دونیا چیرۆكی له‌بیرنه‌كراوی ئه‌و رۆژانه‌یان له‌یادماوه‌ و به‌رده‌وام ده‌یگێرنه‌وه‌. حاجی خانزاد به‌رده‌وام له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ یادگاری و بیركردنه‌وه‌ ده‌ژی، ساڵانێك له‌مه‌وپیش كه ‌چووه‌ته‌ حه‌ج، جامانه‌یه‌كی سووری كڕیوه‌ و وه‌سێتی كردووه،‌ كه‌ مرد له‌سه‌ر ده‌موچاوی دانێن و بیخه‌نه‌ گۆڕه‌كه‌وه‌، به‌و پێه‌ی ئازیزانی به‌ده‌موچاو به‌ستراوی ماڵئاواییان له ‌ژیان كردووه‌.

ئه‌و به ‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ری و بیركردنه‌وه‌، ژیان به‌ڕێده‌كات، هه‌میشه‌ كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌كان ده‌یانگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ پێش ساڵانی هه‌شتا و سێی سه‌ده‌ی پێشوو.
حاجی خانزاد، له‌ گوندی بازێی سەر بە دەڤەری بارزان ده‌ژی،‌ له ‌كۆی 150 كه‌سی ئه‌نفالكراوی گونده‌كه‌یان، 33 كه‌سیان لە هاوسه‌ر، باوك، برا و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئه‌ون. له‌ دوای له‌ده‌ستدانی ئازیزیانی بۆ به‌خێوكردنی دوو منداڵه‌كه‌ی په‌نا ده‌باته‌ به‌ر كرێكاری و دواتر كاری چنین.
خانزاد ته‌تۆ، كه‌سوكاری ئه‌نفالكراو گوتی: ئه‌م جامانه‌یه‌ له‌ حه‌ج هێناومه‌ته‌وه‌، وه‌ك چۆن پیاوه‌كان و كوڕ و براكانمان‌ له‌كاتی گوله‌بارانكردنیاندا به‌م جامانیه‌ چاویان به‌سترابوو، وه‌سێتم كردووه‌، ئه‌م جه‌مه‌دانیه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌موچاوم و بیخه‌نه‌ ناو قه‌بره‌كه‌مه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی منیش وه‌كو ئه‌وان بم و بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لایان.
جیاواز له‌ ئه‌نفالی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان. له‌ جینۆسایدی بارزانییه‌كان ته‌نیا رەگەزی نێر بۆ له‌ناو ناوبردنیان به‌ ئامانج كرابوون.
حاجی خانزاد یه‌ك به‌یه‌كی وێنه‌ی ئازیزانی ده‌خاته‌ سه‌ر چڵه‌ دارێكی‌ وشكبووه‌ و‌ هه‌ڵیواسیووه‌، تا له‌پێش چاوه‌كانی بن. به‌ده‌م هه‌نسكی گریانه‌وه‌ بیر له‌و رۆژانه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌ر كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستبدابووایه‌، پیاوێك نه‌بووه‌، بیاننێژێت و ژنان گۆڕیان هه‌ڵده‌كه‌نی.
حاجی خانزاد ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و رۆژانه‌م قه‌ت له‌بیرناچێت، كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م ئه‌نفالكرا، هه‌مووی به‌ برسیتی و به‌تینوێتی له‌تاو خێزان و منداڵه‌كان خۆیان چه‌ند پیره‌ژن و منداڵ له‌برسان مردن، چه‌ندین ژنیش له‌ خه‌فه‌ت كوڕه‌كانیان گیانیان له‌ده‌ستدا و كه‌س نه‌بوو گۆڕیان بۆ هه‌ڵبكه‌نێت.
بست به‌ بستی ناوچه‌ی بارزان، هه‌مووی یادگاری تاڵی له‌بیرنه‌كراوی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی. رۆژ و مانگ و ساڵ هه‌ر چه‌ند به ‌خێرایی تێپه‌ڕبن، ئه‌وه‌ حاجی ساڵی هه‌شتا و سێی هێشتا له‌بیر نه‌كردووه‌ و له‌بیری ناكات.