سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک گوتی، لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەموو پێداویستی و کەلوپەلێک بۆ عێراق ڕەوانە دەکرێت و هەرێم بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دابینکردنی کەلوپەل بۆ عێراق.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: عێراق بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل دوو سەرچاوەی هەیە، بەسڕە و هەرێمی کوردستان. لە هەرێمی کوردستان لە خاڵە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ و پەروێزخان و ئەوانەی دیکەوە هەموو جۆرە کەلوپەلێک بۆ عێراق دەڕوات و هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دابینکردنی کەلوپەل بۆ عێراق، کە کەلوپەلەکانی ئێران و تورکیان، بەلام دیار نییە ڕێژەکەی چەندە، چونکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و ئێستا سنوور لە نێوان هەرێم و عێراقدا کراوەیە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک ڕوونیشی کردووهتهوه: جگە لە بەرهەمی هاوردە، بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بۆ عێراق دەڕوات و پێداویستیی ناوخۆی عێراق دابین دەکات، بۆیە هەرێمی کوردستان لەڕووی بازرگانییەوە بۆ عێراق زۆر گرنگە و ئێستا پەیوەندیی بازرگانییش لە نێوان هەردوولادا زۆر باشە.