فازڵ میرانی:یاسین بەرواری، لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی بارزانیی نەمر بوو

یاسین عەبدوڵڕەحمان بەرواری، خەباتکار و پێشمەرگە و کارگێڕی لقی ٧ی پارتی و تێکۆشەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر، ڕۆژی سێشەممە ٢٨/٦/٢٠٢٢ پاش ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی دڵی لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد.

یاسین بەرواری، کوڕی تێکۆشەری دیار و ناسراوی گەلی کورد عەبدولڕەحمان بناڤی بوو، کەیەکێک لە پێشمەرگە و ھەڤاڵی بارزانیی نەمر بوو. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی بناڤی لە دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری پارێزگای دھۆک لە بنەماڵەیەکی خەباتکار و ناندەر لەدایک بوو.
خەمی بنەماڵەکەیان دۆزی ڕەوای گەلی کورد بووە، بۆیە ساڵی ١٩٦٤ ھەر لە منداڵییەوە لە سنووری سەنگەسەر لە پارێزگای سلێمانی پەیوەندی بەڕیزەکانی پێشمەرگەوە دەکات، وەکو تێکۆشەرێکی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر، ھەر لە سەرەتای پەیوەندیکردن بە شۆڕشی ئەیلوولەوە جێگەی باوەڕی بارزانیی نەمر بووە، ھەر بۆیە ئەرک و بەرپرسیارەتیی گرنگ پێی سپێردراوە، ھەموو ئەرکێکی بە سەرکەتووانە جێبەجێ کردووە. ساڵی ١٩٧٥ پاش نسکۆی شۆڕش، خۆی و ماڵباتەکەی ئاوارەی ئێران بوون، لە شاری کەرەج نیشتەجێ بوون، لەوێش لەگەڵ ھاوخەباتانی خۆی درێژەی بە خەبات داوە. ساڵی ١٩٧٧ بەرەو ئەمریکا چووە و ساڵی ١٩٨٠ لە فارگۆ- داکۆتا نیشتەجێ بووە، ھەر لەوێ ساڵی ١٩٩١ بەشی ئەندازیاری تەواو کردووە، وەکو خەباتکارێکی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر لە ئەمریکا وەکو کەسێکی باوەڕپێکراو ھەر کارێکی پێ سپێردراوە جێبەجێی کردووە، چەندین جار ھەڵوێستی نیشتمانپەروەریی ھەبووە و مانگی لە خواردن گرتووە، کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەی بە دنیا ناساند.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨-٧-٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی و دڵشاد بارزانی، نوێنەرانی سەرۆک بارزانی و مەتین دلۆڤان بارزانی، نوێنەری نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و فازل میرانی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسانی حزبی و حکوومی و کادیر و ئەندامانی پارتی و خانەوادە و کەس و کار و دۆست و ھاوخەبات و ھەڤالانی، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بەڕێوە چوو، پێشوازی لە تەرمی خوالێخۆشبوو یاسین بەرواری پێشمەرگەی دێرین و کارگێڕی لقی ٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمەریکا و کەنەدا کرا.
لەڕێوڕەسمەکەدا دوای پێشکەشکردنی وتەی بەخێرھێنان، فازل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لەڕۆڵ و خەباتی خانەوادە و خودی خوالێخۆشبوو یاسین بەرواری کرد و خەباتی بنەماڵەکەیانی لە خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا تا بە ئەمڕۆ دەگات، بەرز نرخاند و بە ناوی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەس و کار و ھەڤالان و گشت کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
فازل میرانی، گوتیشی: “ئەمڕۆ ڕۆڵەیەکی دیکە لەڕۆڵەکانی کوردستان بەڕێ دەکەین بۆ بەردەرگای خوا، وەکو ھەمیشە ئەو حزبە تێکۆشەرەکانی خۆی بەڕێ کردووە، تێکۆشەرەکانی دیکە لەسەر ڕێبازەکەیان کە ڕێبازی بارزانی نەمرە بەردەوام بوونە، ئەم ڕێبازە قوتابخانەیەکی گەورەیە و قوتابخانەیەکی کوردستانییە و ھەموو کەسێک تێدا پەروەردە بووە و بەجێ دێڵی بۆ نەوەیەکی تر، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەوە سەرفرازین، بەوەش ماوین سەرەرای ھەموو ھەوراز و نشێوییەک، سەرەڕای ئەوەی دوژمنان لە ھەموو بوارەکاندا تەنگیان پێ ھەڵچنیوین، بەڵام ئەمە یەکێک لە بنەماکانی ئەو حزبە بووە، لەگەڵ کاکە یاسین زیاتر لە ٥٠ ساڵە یەکدی دەناسین، یاسین کوڕی عەبدوڕەحمان یەکێک بووە لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوی بارزانی نەمر، لە پێشمەرگایەتی و زۆر شوێنی تر کە پێکەوە بووین خەباتمان کردووە، قسەکانی ڕێخۆشکەر بووە، بە ئەمەکبوو لەگەڵ بارزانی نەمر و ڕێبازەکەی، ئێمەش قوتابی قوتابخانەکەی بارزانین بە ئەمەک بووین لەگەڵ ئێوە و بە ئەمەکیش دەبین، بۆیە ھەموومان لێرە کۆ بووینەتەوە.
ھەر لەڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبووان تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفادارییان لەسەر تەرمی خوالێخۆشبوو یاسین بەرواری دانا و دواتر تەرمەکەی بەرەو شاری دھۆک بەڕێکرا و لەو‌ێش لەڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی حزبی و حکوومی لە گۆڕستانی شاخکێ بە خاک سپێدرا، لە وتەیەکدا جەعفەر ئێمنکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، باسی خەبات و قوربانیدانی خوالێخۆشبوو ھەڤال یاسین بەرواری لە قۆناغە جیاوازەکانی شۆڕشەکانی کوردستاندا کرد و پرسە و سەرەخۆشیی لە خانەوادە و ھەڤالان و ھاوڕێیانی خوالێخۆشبوو و تەواوی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد”.

ھەواڵی زیاتر