ناکۆکییەکانی نێوان شیعە، پرۆسەی سیاسیی عێراقی پەک خستووە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

دۆخەکە لە عێراق بەهۆی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان و قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنەکانی شیعە بە ئاراستەی ئاڵۆزتربوونی زیاتر دەڕوات، بەتایبەت دوای چوونە نێو ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق، کە وەکو ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر هەندێک لایەنی دیکەی شیعە لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆخی سیاسی عێراق هێشتا گەرمە و لایەنەکان ناکۆکن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ .

هەرچەندە هەندێک لایەنی سیاسی ڕۆژی شەممەیان دانابوو بۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ سەرکۆمار بەڵام هێشتا ئەوە ڕووی نەداوە؛ هۆکارەکەشی ناکۆکیی قووڵی شیعەکانە، دیار نییە لە ڕۆژانی داهاتوو دەکرێت یان نا بەڵام ئەگەری بەڕێوەنەچوونی دانیشتنەکە زۆر زیاترە، بەتایبەت لە سووربوونی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە ڕەتکردنەوەی بەربژێرەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە لایەنە کوردستانییەکان پارتی و یەکێتی دەکەن لەسەر پۆستی سەركۆمار ڕێک بکەون، بەڵام پێش ئەوەش بەخۆشیان ناکۆکن و نەیانتوانیوە یەکلایی بکەنەوە کێ دەبێتە کاندیدی سەرۆکوەزیران هەموو لێی ڕازی بن، چونکە ئەو کاندیدەی دیاری کراوە لەلایەن خەڵکەوە ڕەت کراوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێ ماوەی چەند مانگێکە هەوڵی ڕاستەڕێکردنی پرۆسەی سیاسی دەدەین، لە بەیاننامەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هاتووە، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە ئامانجی گەیشتن بە لێک تێگەیشتنی باش لە ناوخۆدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتی داهاتوو بەجۆرێک بتوانێ ئەرکەکانی بەباشی ڕاپەڕێنێت .
بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەركۆمارییش بڕیارە لەو هەفتەیەدا هەردوو سەرۆکی شاندی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بەپێی گوتەی ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان پێناچێت پارتی و یەکێتی بە دوو بەربژێرەوە بچنە نێو هەڵبژاردنی سەركۆمار .
یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەركۆمار بۆ کورد لەکاتێکدایە دەبێت شیعەکان چارەسەری دۆخی نێو خۆیان بکەن، چونکە لە شەممەشدا خۆپێشاندان بەڕێوە چوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ: “کۆبوونەوەی فراوان کراوە بۆ پاراستنی خۆپێشاندان و خۆپێشاندەران و بەڕێوەچوونی بەشێوەیەکی دروست وبێ کێشە، پێش خۆپێشاندانەکانیش دەرگەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا بە تەواوی داخران لەگەڵ زیادکردنی کۆنکرێت و بەربەستی ئاسنین بۆ ڕێگری لە چوونە نێو ناوچەی سەوزی بەغدا ، بەرپرسێکی ئەمنی لە بەغدا لەوبارەوە ڕایگەیاندووە:” تەنیا یەک ڕێگە لە لای پردی موعەلەق ماوە کراوە دەبێت، هەموو پێویستیەک دابین کراوە لە ئۆتۆمبێلی ئاوپڕژاندن وەکو ئامادەکاری بۆ ڕێگری لە چوونە نێو ناوچەی سەوز، پلانەکە هەروەها پاراستنی نێردە و نوێنەرایەتی وڵاتان دەگرێتەوە لە ناوچەی سەوز، ئەوە لەکاتێکدایە لایەنگرانی سەدر سوورن لەسەر چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا، حازم ئەعرەجی سەرکردە لە ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوە داوە ” شەممە ئامادەین” وەکو ئاماژەی خۆپێشاندان و چوونە نێو ناوچەی سەوز.
ئەوە لەکاتێکدایە فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە پێناچێت لەو یەک دوو ڕۆژە هیچ دانیشتنێک بکرێت، هیچ ڕێنماییەکیش نییە بۆ ئامادەکاری بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
هاوکات هاوپەیمانی سیادە نوێنەری سووننەکان لە عێراق، ئاماژەی بەوە داوە کە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نابن ئەگەر بێت و داواکاری خەڵك جێبەجێ نەکرێن چ ئەوان چ داواکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هاوپەیمانییان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ڕزگارکردنی نیشتمان .
سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە دەڵێ: “بێ بوونی هیچ ڕێککەوتنێکی پابەندکراو و واژۆکراو لەگەڵمان لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانی لایەنگرانمان لە ئێمە و هاوپەیمانانمان لە پارتی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نابین.”
بەپێی گوتەی ئەندامێكی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەماهەنگی هەڵوێست لە ئاستی باڵا کراوە لە نێوان سیادە و پارتی لەبارەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، کارتی یەک لەسەر سێی پەکخستنی دانیشتن لەبەردەستە بۆ ڕێگری لە تێپەڕاندنی هەر هەنگاوێک بە بێ ئەو دوو لایەنە.
لەگەڵ بەردەوامی ئەو دۆخە سیاسیە ناجێگیرە لە عێراق، هەندێک لایەن لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دووبارە کردەوە، بەتایبەت کە نزیکەی ١٠ مانگە هەڵبژاردن کراوە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە، ئەو دۆخەش ڕەوتی سەدر پشتیوانیی دەکات، بە تایبەت بۆ ڕێگری لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هێشتنەوەی حکوومەتی کازمی بۆ ساڵێکی دیکە .