دەریاچەی وان وشك دەبێت

گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهاندا، كاری كردووەتەوە سەر توركیا و، بە تایبەت باكووری كوردستان؛ نەخاسمە كەرتی كشتوكاڵ و دەریاچەی وان، كە تاوەكوو ئێستا بە پانتایی دوو كیلۆمەتر ئاوەکەی كەمی کردووە.

بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی بواری كەشوهەوا، سووتانی دارستانەكان، بوونی وشكەساڵی و قەیرانی دانەوێلە هۆكارن بۆ گەرمداگەڕانی زەوی، لە داهاتوویەكی نزیكدا كاریگەرییەكانی بەتەواوی دەردەكەون.
بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، گۆڕانی كەشوهەوا زۆرترین كاریگەری لەسەر باكووری كوردستان دروست كردووە، بەتایبەت لەڕووی وشكەساڵییەوە.
دەریاچەی وان، بەیەكێك لە دەریاچە بەناوبانگەكانی جیهان دادەنرێت، لە توركیا وەكو گەورەترین دەریاچە ناوی دەهێنرێت، بەڵام بەهۆی وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەواوە، بە پانتایی دوو كیلۆمەتر ئاوی لێ كەم بووەتەوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی توركیای هێناوەتە دەنگ.
ئەوەی بووەتە مایەی مەترسی بۆ خەڵك، لەبەر ئەوەی ئاوی دەریاچەی وان كەمی كردووە، میكرۆباتی زۆر دێتە دەرەوە و كاریگەریی خراپیشی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دەبێت، جگە لەوەی راوچییەكان زەرەرمەندی یەكەمن.
بەهۆی ئەوەی دەریاچەی وان، چواردەوری بە شاخ گیراوە، بۆیە لە هیچ شوێنێكی ترەوە ئاوی ناچێتە ناو، تەنیا پشت بە ئاوی باران و بارینی بەفر دەبەستێت.
دوو ساڵ لەمەوبەر وشكەساڵی رووی لە باكووری كوردستان كرد، بەڵام پار ساڵ، هاووڵاتیان ئۆمێدێكیان بۆ هاتەوە، بەهۆی بارانێكی زۆر و بەفرێكی زۆر، كە كاریگەری لەسەر وشكەساڵی هەبوو، بەڵام دەریاچەی وان سوودی لەو بارانە نەبینی، تەنیا هۆكارێك بوو تا دەریاچەكە وشك نەبێت.
دكتۆر فاروق عەلائەدینئۆغڵو، شارەزای بواری ئاو و دەریاچە دەڵێت، دەریاچەی وان پشتی بە ئاوی باران بەستووە، بەڵام كاتێك ئاوی دەریاچەكە بەهۆی گەرماوە دەبێتە هەڵم، ئیدی ئاوەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
زیاتر گوتی: ”ئەو هەڵمەی لێرە هەیە هەڵمێكی چڕە، نەك تەنیا دەریاچەی وان، بەڵكو لە هەر شوێنێك هەڵمی لەو شێوەیە هەبێت، ئاو كەم دەكات. پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە دەتوانین رێگە لەو دیاردەیە بگرین و ئاو كەم نەكات؟ بەداخەوە نەخێر، چونكە ئەو بارانەی دەبارێت زۆر زیاد ناكات، بەپێچەوانەوە هەڵمەكە زیاد دەكات“.
بەڵام عەلی كاڵچك، شارەزای بواری مێژوو و سەرۆكی رێكخراوی پەرەپێدان و لێكۆڵینەوەی ئاسەوارە مێژووییەكان لە وان، پێی وایە جگە لە هەڵمکردن، هۆكاری تر هەن كە دەریاچەی وان وشك بكات.
بەگوێرەی گوتەی كاڵچك، بەهۆی ئەوەی لە چواردەورەی ئەو دەریاچەیە سەوزایی نەماوە و هەموو بووە بە باڵەخانە، ئەمە وای كردووە دەریاچەكە وشك بكات، دەریاچە نابێت چواردەورەی بكرێتە باڵەخانە.
گوتیشی: ”دروستكردنی ئەو باڵەخانانە و هەروەها وشكەساڵی، دەریاچەكەی بەرەو وشكداگەڕان بردووە“.
ئەوەی مایەی مەترسی و كارەساتە بۆ ئەو ناوچەیە، كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی وان، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە و هەروەها ئاژەڵداری دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری ئەو خاكەی لە دەورەی ئەو دەریاچەیەیە، بەهۆی ئاودانیانەوە سەوز بوون و ئاژەڵی لێ دەوەڵەڕێنن، بەڵام ئەگەر ئاوی وان كەم بكات و ئەو ناوچەیە وشك ببێت، ئاژەڵداری لەو ناوچەیە بەرەو نەمان دەچێت.
عەلائەدین دەڵێت: ”هەوا وشك داگەڕاوە، چونكە وشكەساڵی هەیە، بۆیە دەبێت زۆر سوود لە ئاوی باران وەربگیرێت و بەشێوەیەكی جوان پارێزگاری لێ بكرێت، چونكە ئێستا ئاوی پاك بۆ ماڵان زیاتر لە ژێر زەوییەوە دابین دەكرێت. بەداخەوە تاوەكو ئێستا دواكەوتووین لەو ڕووەوە، چونكە یەك دڵۆپی ئاوی باران نابێت بەفیڕۆ بڕوات و دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت، بەپێچەوانەوە دوای 10 ساڵی تر، ئاوی پاكمان دەست ناكەوێت بۆ خواردنەوە“.
ئەگەر پلەی گەرمی هەر بەو شێوەیە بە بەرزی بمێنێتەوە، هەڵمیش لە دەریاچەی وان بەردەوام بێت، ئاوەكە زیاتر كەم دەكات، جیا لەوەی هاووڵاتیان هەرچی پیسی و كەلوپەلی خراپە دەیخەنە ناو دەریاچەی وانەوە، كە ئەمەش كاریگەری هەیە لە كەمبوونەوەی ئاوەكە.
دەریاچەی وان، گەورەترین دەریاچەیە لە توركیا، درێژییەكەی 120 كیلۆمەترە، پانییەكەشی 80 كیلۆمەترە. قووڵایی دەریاچەكە 171 مەترە و هەروەها دەریاچەكە بەكۆی گشتی رووبەڕەكەی 3713 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. دەریاچەی وان، چوار دوورگە لێ هەیە (ئاكدەمار، چارپەناك، ئادر و كوش ئەداسی).

ھەواڵی زیاتر