گەشتیاری عەرەب بۆ پشوو دێنە هەرێمی کوردستان

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، کوردستان بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ بۆ هاووڵاتیانی ئێراقی بەتایبەتی لە وەرزی هاوین، یاخود ئەو کاتانەی دەیانەوێت پشوویەک وەربگرن لە ناوچە شاخاوییەکان. ئەمڕۆکە کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێرا فراوان دەبێت لەگەڵ هاتنی گەشتیاران لە سەرتانسەری جیهان بۆ بینینی شوێنە گەشتیاری و دڵڕفێنەکانی کوردستان، لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی هۆتێڵەکان و کۆمپانیا گەشتیاریەکان و هەروەها بەرەوپێشچوونی ژێرخانە ناوخۆییەکان، هەموو ئەمانە بۆتە هۆی ئەوەی کە کوردستان ببێتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ هەموو گەشتیاران بە تایبەت گەشتیارانی ناوەڕاست و خواروی ئێراق.

ئەمساڵ لە رۆژانی جەژنی ڕەمەزان و قوربان، دەیان هەزار گەشتیار لە وڵاتانی دەرەوە، ناوەڕاست و خوارووی ئێراقەوە ڕوویان لە سەیرانگە و شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، گەشتیاران بە سەیرانگە خۆڕسكەكانی كوردستان سەرسامن و تەمەننای دووبارە بینینەوەیان دەكەن.
گەشتیارە عەرەبەکانی ئێراق سەیرانگا و شوێنەکانی کاتبەسەربردنیان لە سنووری پارێزگای هەولێر پڕکردووە،
لە ڕاگەیێندراوێكی وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێمدا هاتووە، تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە یەك ملیۆن گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كردووە كە ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و پارێزگەكانی ئێراق و وڵاتانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە و لە ماوەی تەنها ٦ مانگدا یەك ملیۆن و ١١٧هەزار و ٣٩٥ گەشتیار سەردانی شاری هەولێر و دەوروبەریان كردووە بەمەش ژمارەی گەشتیاران بەراورد بە ڕابردوو بە ڕێژەی١٥٪ زیادی کردووە.
خۆشبەختانە، هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرجەم جۆرەکانی گەشتوگوزارە و کەرتی گەشتوگوزاری بەسەرجەم جۆرەکانیەوە لە بەرەوپێشچووندایە و ئومێد دەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم کەرتە ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری هەرێم
نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە كەرتی گەشتیاری روو لە بووژانەوەیە و ساڵ دوای ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد دەكات، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو پڵانە ستراتیژیەی بۆ پیشخستنی كەرتی گەشتیاری دانراوە كەبریتین لە پەرەپێدانی جێگا گەشتیارییەكان، پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و پێوەندی بەردەوام لە گەڵ كۆمپانیاكان، بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی خزمەتگوزاری، بەهێزكردنی توانای مرۆیی و كارگێڕی گەشتیاری و پەرەپیدانی هۆشیاری گەشتیاری، بەبازاڕكردن و ناساندنی گەشتیاری هەرێم بە تایبەت لە سۆشیال میدیا.
هاوکات سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ هەرێم لە وەرزی گەشتوگوزاردا جیا لەوەی داهاتێکی زۆر بۆ حکوومەت دەستەبەر دەکات، هەلی کاریش بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت. بۆیە پێویستە بە گرنگی و بایەخەوە لە کەرتی گەشتوگوزار بڕوانین.