کەمێک پێش ئێستا بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی رووفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانی لە مۆنۆمێنتی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان لە بارزان دەستیپێکرد.
لە رێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق بەشدارن.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان بڵاویکردووەتەوە، گۆڕی بەکۆمەڵی 100 لە ئەنفالکراوە بارزانییەکان لە بیابانی عەرعەر-ی سەر بە پارێزگای موسەنا دۆزراوەنەتەوە و پرۆسەکە 14 رۆژی خایاندووە، روفاتەکانیش بەشێوەیەکی زانستی گواستراونەتەوە بەغدا بۆ ئەوەی رێکارە پزیشکی و یاساییەکان تەواوبکرێن، لە بەدواداچوونەکانیش دەرکەوتووە گۆڕی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکانە و، لەلایەن رژێمی بەعس گولـلەباران کراون و بە شۆفڵ خۆڵ بەسەر تەرمەکانیاندا کراون.
جینۆسایدی بارزانییەکان لەلایەن رژێمی بەعس، لە 31ی تەممووزی 1983 بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانییەکان جینۆساید کران، رژێمی بەعس ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە دەربخات، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەرکەوت بارزانییەکان بە فەرمانی سەدام حوسێن ئەنفالکراون و لە بیابانەکانی باشووری عێراق لە گۆڕی بە کۆمەڵدا نێژراون.
پێشتر ژمارەیەک رووفاتی دیکەی ئەنفالکراوی بارزانییەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی باشووری عێراق دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2004دا، 513 روفاتی ئەنفالکراوانی بارزانییەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی پارێزگای موسەنا دۆزرانەوە و لە ساڵی 2005 لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕێندرانەوە کوردستان و، لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە دەڤەری بارزان بەخاکسپێردران.
لە درێژەی پرۆسەکەدا و بۆ جاری دووەم، لە ساڵی 2011 لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی بیابانەکانی باشووری عێراق روفاتی 93 پیاو و گەنجی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان دۆزرانەوە.