پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەرداگرتنی 149 کیلۆ ماددەی هۆشبەری راگەیاند

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە دوو چالاکی جیاوازدا، دەستیانگرتووە بەسەر بڕی 149 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا، کە بەشێکیان لەناو رۆنی ئۆتۆمبیلدا شاردراونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکیدا ئەمڕۆ پێنج شەممە (28ی تەمووزی 2022) ئاماژەی بەوەکردوە “لەسەر رێنمایی و راسپاردەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر، كە زیان بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت و كاریگەری خراپ لەسەر كۆمەڵگە دروستدەكات، لە دوو چالاكیدا دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرت، لە چالاكی یەكەمدا دوای لێكۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون هێزەكانی ئاسایش بەفەرمانی دادوەر لە رۆژی (14/6/2022) دەستیان بەسەر بڕی 92 كیلۆگرام ماددەی كریستاڵدا گرت و ئەو ماددانەش لەدەرەوەی هەرێمەوە هێندرابوون”.

لەبارەی چالاکی دووەمیانەوە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت “دوای لێكۆڵینەوەی ورد لە رێگەی یەكێك لە بازگەكانەوە لە رۆژی (25/7/2022) دەستیان بەسەر بڕی 57 كیلۆگرام ماددەی كریستاڵدا گرت، كە لەناو قوتوی ڕۆنی ئۆتۆمۆبێلدا شاردرابوونەوە و تۆمەتبار كە ناوی (ح.ع.م) و لەدایكبووی 1989 یەوە بەرەگەز كوردە، بەنیازبوو لە شاری سلێمانیەوە بیباتە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و بەفەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەكان ڕاگیراوە و دەست بەسەر كریستاڵەكەدا گیراوە”.

ماددە هۆشبەرەکان، دەبنە هۆی لەهۆشخۆچوون و دابڕانی مرۆڤ لە ژینگەی سرووشتی خۆی، لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانیدا مرۆڤ ئالوودە و ژەهراوی دەبێت، ئەو ماددانە لە رێگەی دەم، دەرزی، بۆنکردن و هەڵمژینی دووکەڵەکەیەوە، دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەست و دەمار دروستدەکات.