دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان هەفتەی داهاتوو روفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکان دەگەڕندرێنەوە هەرێمی کوردستان و لە بارزان بە خاکدەسپێردرێن.
بڕیارە رۆژی شەممە 30/7/2022، رووفاتی 100 ئەنفالکراوانی بارزانییەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و رۆژی دواتر 31ی مانگ لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە بارزان، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەخاکدەسپێردرێن.
دوای دۆزینەوەی گۆڕەکانیان لە بیابانی عەرعەر-ی سەر بە پارێزگای موسەنا، کە پرۆسەکە 14 رۆژی خایاند، دەرکەوت گۆڕی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکانە، لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو گولـلەباران کراون و بە شۆفڵ خۆڵ بەسەر تەرمەکاندا کراوە، ئەو 100 روفاتە بەشێوەیەکی زانستی گواستراونەتەوە بەغدا و رێکارە پزیشکی و یاساییەکان تەواو کراون. رۆژی 30ی ئەم مانگە لە بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر بەڕێ دەکرێن و رۆژی دواتریش لە بارزان بەخاکدەستپێردرێن.
جینۆسایدی بارزانییەکان لەلایەن رژێمی بەعس، لە 31ی تەممووزی 1983 بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانییەکان جینۆساید کران، رژێمی لەناوچوو ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە دەربخات، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003، دەرکەوت بارزانییەکان بە فەرمانی سەدام حوسێن ئەنفالکراون و لە بیابانەکانی باشووری عێراق لە گۆڕی بە کۆمەڵدا نێژراون.
پڕۆسەی گەڕان بەدوای روفاتی ئەنفالکراوانی کوردستان بە گشتی یەکێک بوو لە کارە لە پێشینەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی، لەو پێناوەشدا دوای روخانی رژێمی بەعس پڕۆسەی گەڕان و سۆراخکردن بە کردار دەستیپێکرد.
لە ساڵی 2004، 513 روفاتی ئەنفالکراوانی بارزانییەکان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی پارێزگای موسەنا دۆزرانەوە و لە ساڵی 2005 لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕێندرانەوە کوردستان و لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە دەڤەری بارزان بەخاکسپێردران.
لە درێژەی پرۆسەکەدا و بۆ جاری دووەم، لە ساڵی 2011 لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی بیابانەکانی باشووری عێراق روفاتی 93 پیاو و گەنجی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان دۆزرانەوە.
سەبارەت بەو روفاتانەی لە 30 ئەم مانگە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021یش پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی باشووری عێراق، دەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق، لە 15ی شوباتی 2022 گەیشتنە شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکە لە پارێزگای موسەنا لە ناوچەی (عەفاییق) شارەدێی (بوسەیە) کە ناوچەیەکی بیابانی دورە دەستە لە نزیک سنوورەکانی کوێت و سعوودیە، تیمەکان بەشێوەیەکی زانستی و پیشەییانە پڕۆسەی گەڕان و هەڵدانەوەی گۆڕەکەیان دەستپێکرد. لە یەکەمین رۆژدا ئەو جەمەدانی و جلوبەرگانە دەرکەوتن کە ئاماژەن و تایبەتن بە پیاوانی بارزانییەکان، ئەوەش بەڵگە و نیشانەی حاشاهەڵنەگری دایە دەست تیمەکە و سەلمێنرا کە ئەو روفاتانەی لەو گۆڕە بە کۆمەڵەدان روفاتی ئەو پیاو و گەنجانەی بارزانن کە لە ساڵی 1983 ئەنفالکراون.
تاوانی ئەنفال لە ساڵی 1987-1988، لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچووی عێراق، دژی گەلی کوردستان دەستیپێکرد، لەو کۆمەڵکوژییەدا 182 هەزار کەس بە ژن و منداڵ و گەنج و بە تەمەنەوە، بێسەروشوێنکران، دواتر بەشێکیان لەناو گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە، هەروەها نزیکەی 5 هەزار گوندی کوردستان خاپوورکران.