سلێمان تاشان – ههولێر
هەرێمی کوردستان بە هەموو کەموکورتی و کێشەکانییەوە، لەچاو عێراق بە هەرێمێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو هەژمار دەکرێت و گەشەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە لە کوردستان چەندین هەنگاو لە پێشەوەی عێراقە. هەوڵێکی دوژمنکاری لە دژی کوردستان دەستی پێ کردووە، لە لایەک دەیەوێت ئەو پێگە ئابوورییە لاواز بکات و لە لایەکی تر وەک کارتێکی گوشار بۆ سازشپێکردنی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بەغدا بەکار دەهێنرێت.
دووبارە بوونەوەی هێرشە مووشەکیەکان
لەماوەی چەدند مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ٣ جار هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ئەو هێرشانەش ترس و دوودڵی زۆری لای کارمەندانی ئەو کێڵگەیە دروست کردووە و لە هەمان کاتدا لێدانە لە بەهێزترین سەرچاوەی گازی هەرێمی کوردستان. حکوومەتی هەرێم و ولاتانی ناوچەکە و جیهانیش دوای هێرشەکان وەڵامدانەوەیان هەبووە و بە هەوڵی تیرۆرستی ناوی بردوون، سەبارەت بە کۆتا هێرشی سەر کێڵگەکەش، وتەبێژی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە؛ بە توندترین شێوە شەرمەزاری دەکەین. داوا لە حکوومەتی فیدرال دەکەین،ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ سنووردانان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە، ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە.
هێرشەکان پەیامی ئابورین
ئەو هێرشانەی پێشتر دەکرانە سەر هەرێمی کوردستان زیاترڕەهەندی سیاسییان هەبوو و یان بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵگری پەیامی سیاسی بوون، بەڵام هێرشەکانی ئەم دواییانە جگە لەڕەهەندی سیاسی، ڕەهەندێکی ئابووریشیان هەیە و دوژمنانی گەلی کورد دەیانەوێت شوێنە ستراتیجییەکانی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج و لە پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر یەکێک لە گرنگترین ناوەندە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانە کە هۆکارە لە دابینکردنی بەشێکی بەرجاو لە پێداویستی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە لایەک و پڕکردنەوەی پێداویستی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی گواستنەوە و گازی ماڵان. کێڵگەکە لە ناوچە کوردستانییەکان و ئەو شوێنانە دوور نییە کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگە تووشی بۆشایی ئەمنی بوون، هێزەکانی عێراق نەیانتوانیوە بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە و گرووپی جیاوازی میلیشیایی لەو ناوچانە ڕۆڵیان هەیە.
حکوومەتی عیراق بێ هەڵوێستە
حکوومەتی عێراق، لەبارەی ئەو هێرشانەوەی دەکرێتە سەر کێڵگە گازیەکە، بێباکانە تەنیا خەریکی ئیدانەکردنە و هیچ هەنگاوێکی جددی نەبووە بۆ دەسنیشانکردنی سەرچاوەی ئەو هێرشانە، لە کاتێکدا ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆش زانیاریی هەیە لەسەر ئەوەی هەمان ئەو میلیشیا چەکدارانەنکە لەڕیزە جۆربەجۆرەکانی هێزی عێراقدا پڕ چەک کراون. ئەنجامی چەند لێکۆڵینەوەیەکیش تا ئێستا ئەوەیان پشت ڕاست کردووەتەوە کە هێرشەکان هەر لە سنووری خاکی عێراقەوە دەكرێت و هێرشی دەرەکی نین، کە ئەمە بۆ حکوومەتی عیراق کارێکی ئاسان دەبێت بەڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکە نەهێڵدرێت بەو پێیەی کێڵگە گازیەکە دەکەوێتە نزیکی سنووری پارێزگای کەرکووک و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماون.
گومان دەکرێت پیلانی گەورە لە پشت هێرشەکانەوە بێت
کێڵگەی کۆرمۆر تا دوو مانگ لەمەوبەر هیچ کاتێک ئامانجی هێرشەکان نەبووە و تەنانەت لە کاتی سەرهەڵدانی داعش کە تیرۆریستان لە سنوورەکە نزیک کەوتنەوە، هەرگیز نەیانتوانی هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئەو پڕۆژە گرینگە بهێننە کایەوە، بۆیەش گومان دەکرێ هێرشەکەی ڕۆژی دووشەم و ئەوەی پێشتریش کە مانگێک لەمەوبەر کرایە سەر کێڵگەکە، تەنیا سەرکێشیی گرووپە تیرۆریستییەکان نەبێت، بەڵکوو پیلان و بەرنامەیەکی گەورەتری لە پشتە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت سەرجەم دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان لەم پرسەدا زیاتر بێنە سەر خەت و تەنانەت ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی پێ بدەن.
وەک کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق، لە دوایڕووداوەکە باسیان کرد لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستی پێ کردووە و بە ئەرکی حکوومەتی عێراقیشیان زانی ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و سزا بدرێن.
گەشەی کەرتی وزەی کوردستان
ئەو هێرشانە لە کاتێکدایە، گەشەی کەرتی گازی سروشتی لە هەرێی کوردستان دەتوانێت نەک بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکوو سوودی بۆ عێراقیش هەبێت و ببێتە هۆکارێک حکوومەتی عێراق لە داهاتوودا، هەرزانتر لەو گازە سروشتییەی لە دەرەوە هاوردەی دەکات، گازی سروشتی دەست کەوێت. وەزیری کارەبای عێراقیش بەڕاشکاوی پێشوازی لەوە کردووە هەرێم لە داهاتوودا بەشێک لە پێداویستیی گازی سروشتیی وڵات دابین بکات، هەرچەندە ئێستا بەرهەمەکان تەنیا بەشی خۆی دەکات.
تەنگەژەی سیاسیی عێراق
هێرش بۆ سەر کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە بەغدا سەرووی نۆ مانگە لە تەنگژەی سیاسیدایە و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە کە هەڵبژاردن کراوە نەتوانراوە حکوومەت پێک بێت. لایەنی سەرەکیی براوەی هەڵبژاردن بە نیشانەی ناڕەزایی لە پەرلەمان دوور کەوتووەتەوە و ئەو لایەنانەش کە لە هەڵبژادنەکەدا دۆڕابوون ئەم جارە لە کەمینەوە بوونەتە زۆرینە و دەستیان بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کردووە.
رۆژی دووشەم دواجار چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەسێکی وەک پاڵێوراوی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری کرد و چاوەڕوانی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی سەرکۆمار هەڵبژێرێت. جگە لە پرسی دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق، کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەن کە تەمەنی هەندێکیان بۆ سەرەتای دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵی دەگەڕێتەوە و بۆیەش هەندێک چاودێری سیاسی ئەم هێرشانە بە جۆرێک گوشاری سیاسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لێک دەدەنەوە.