پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ مۆڵه‌تی چه‌ك مه‌رج بۆ كۆمپانیا ئه‌منییه‌كان داده‌نێت

به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌كانی موڵەتی چەكی كۆمپانیای ئەمنی، پێویستە كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی بە شێوەیەكی فەرمی دامەزرابێت و دامەزراندنەكەی لە وەزارەتی ناوخۆ پەسەند كرا بێت. موڵەتی هەڵگرتنی چەك تەنها دەدرێت بە كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی كە كاری ئەمنی دەكات بە پێی یاسای چەك ژمارە (2)ی ساڵی 2022 و نادرێت بە بەرێوەبەر و ستافی كارگێری كۆمپانیای ئەمنی.

له‌ رێنماییه‌كه‌دا هاتووه‌: پێویستە ئەو چەكەی موڵەتی پێ‌ دەدرێت، تەنها لە كاتی ئەركی فەرمی كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی بەكاربهێنرێت و هەڵگرتن و بەكارهێنانی چەك لە دەرەوەی ئەركی پاسەوانی بە بێ‌ موڵەت ئەژماردەكرێت و بە پێی یاسای چەكی بەركار رێكاری یاسایی بەرامبەر وەردەگریێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، نابێت كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی چەكی پاسەوانی موڵەت پێدراو بباتە دەرەوەی كۆمپانیا لە دەرەوەی سنوری ئەركەكەی. پێویستە كارمەندی كۆمپانیای ئەمنییش ئەم مەرجانەی خوارەوە تێدا هەبێت بۆ وەرگرتنی موڵەتی چەك:

1- كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی تەمەنی لە (28) ساڵی كەمتر و لە (50) ساڵ زیاتر نەبێت.

2- سزا نەدرابێت بە تاوانێك یان كەتنێكی ئابڕووبەر، بە پشتگریی بەرێوەبەرایەتی بەڵگەكانی تاوان.

3- كەمئەندام یان نەخۆشی دەروونی نەبێت یان كیشە لە چاوەكانی نەبێت بە شێوەیەك كە نەتوانێت چەك بەكاربهێنێت بە پشتگریی راپورتی لێژنەی پزیشكی.

4- پڕكردنەوەی فۆرمێكی موڵەتی چەك تایبەت بە زانیاری كارمەندی كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان بە پێی فورمی پاشكۆی ژمارە (2)ی ئەم ڕێنماییە.

جۆره‌كانی چه‌ك

وه‌زاره‌تی ناوخۆی له‌ رێنمانییه‌كه‌دا روونیكرده‌وه‌، كومپانیا ئەمنییە تایبەتەكان بۆ كارمەندەكانیان تەنیا دەتوانن ئەم جۆرە چەكانە دابینبكەن:

1- چەكی ئاگرین (دەمانچه‌) قەبارەی فیشەكەكانی لە (9 ملم) زیاتر نەبێت.

2- چەكی ئاگرین قەبارەی فیشەكەكانی لە (39×7.62م) زیاتر نەبێت.

3- قەدەغەیە لەسەر كۆمپانیای ئەمنی چەكی ئاگرینی بێ‌ دەنگ (كاتم) و چەگی ئاگرین لە جۆری (قەناس) بەكاربهێنێت.