بەسەرپەرشتى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەپرسى زێدەڕۆیی له دیوانی پارێزگا ئهنجامدرا و تێیدا بڕیاردرا، لیژنەیەک لە هێزەکانى ئاسایش، زێرەڤانى و پۆلیس بۆ رێگری لەو بابەتە پێکبهێنرێت.
پارێزگای ههولێر ئهمڕۆ (سێشهممه 26ـی تهمموزی 2022) راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه و تێیدا هاتووه “به ئامادهبوونی رێبهر ئهحمهد، وهزیری ناوخۆ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر و بەڕێوەبەرانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى و هاتووچۆ) و لیژنەى زێدەڕۆییەکان لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەپرسى زێدەڕۆیی لە سەر داواکارى وەزارەتى ناوخۆ ئەنجامدرا”.
بهگوێرهی راگهیهندراوهكه وەزیرى ناوخۆ دووپاتیکردەوە “ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داواى وەزارەتى ناوخۆیە و تایبەتە بەو زێدەڕۆییانەى کە ئەنجامدەدرێن و هەست دەکرێت روو لەهەڵکشانە، ئەو پرسەش بووهته مایەى نیگەرانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان”.
وەزیرى ناوخۆ بەمشێوازە جۆرەکانی زێدەڕۆیی پۆلێنکرد:
1- زێدەڕۆیی لەسەر موحەرەماتى شەقام، بەتایبەتى رێگاکانى دەرەوەى شار، کە قوربانى زۆرى لێکەوتووهتهوه.
2- زێدەڕۆیى لەسەر بۆرى نەوت، بەتایبەتى لەناو ئەو مەزرەعانەى کە دەکەونە سەر رێگەى ئەو بۆریانە.
3- زێدەڕۆیی لە سەر رێڕەوى ئاو، کە بووهته هۆى دروستبوونى کارەسات.
لەوبارەیهوه وهزیری ناوخۆ دەڵێت “نابێت بەرپرسانى ئیداریى خۆیان لەو بەرپرسیاریەتییە راستەقینە بەدەربکەن، سەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت بەرپرسن لە رێگریکردن لەو زێدەڕۆیانەى لەسنوورى ئیدارەى ئەوان دەکرێت”.
به گوێرهی راگهیهندراوهكهی پارێزگای ههولێر، کێشەکە بەمشێوەیە چارەسەر دەکرێت:
یهكهم: لیژنەیەک لە هێزەکانى (ئاسایش، زێرەڤانى و پۆلیس) پێکبهێندرێت، هەر زێدەڕۆییەک لەسەر بۆرى نەوت کرابێت کە شادەمارى ئابوورى هەرێمى کوردستانە، لایەنى سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە و ئەو زێدەڕۆییانە لاببرێت.
دووهم: هەمان لیژنە بەیاوەرى پۆلیسى هاتووچۆ، چارەسەرى هەموو ئەوزێدەڕۆییانە بکات، کە کراوەتە سەر شەقامى دەوڵەت، بەتایبەتى ئەوانەى لە شەقامە سەرەکییەکان ئەنجامدراون.
سێیهم: پیێویستە لە پارێزگاى هەولێر تیمێکى تایبەت پێکبهێندرێت، بەهەماهەنگى لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان، هەر سەرپێچییەک هەبێت راستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى بدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى رێگەیداوە بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە، رێکارى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
چوارهم: زیدەڕۆیی لەسەر رێرەوى سەرەکى و فەرعیەکانى ئاو بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراونییە و بەهەموو شێوەیەک پێویستە چارەسەربکرێت، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ دروستبوونى لافاو و کارەسات.