ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر هێرشیتورکیا بۆ سەر زاخۆ کۆ دەبێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەسەر داخوازی حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەم ٢٦ی تەمووز، ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر گوندێکی گەشتیاری زاخۆ، کە بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و دەیان کەس بریندار بوون، کۆ دەبێتەوە.

دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش دانیشتنێکی نائاسایی دەبێت و دوای ئەوە دێت، کە حکوومەتی عێراق لەڕێی وەزارەتی دەرەوەوە سکاڵایەکی لە دژی تورکیا تۆمار کرد و ڕادەستی ئەنجوومەنەکەی کرد. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوە کردووە کە حكوومەتی عێراق بۆ پرسی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەجیددی هاتووەتە سەر خەت و لە ئاستی نێودەوڵەتی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکات.
چوارشەمەی ڕابردوو گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ تۆپباران کرا و، بە هۆیەوە نۆ گەشتیار کوژران و دەیانی تریش بریندار بوون. زۆربەی گەشتیارەکان هی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون و لەڕێورەسمێکی شایستەدا تەرمەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە ڕەوانەی زێدی خۆیان کرانەوە.
ئەم ڕووداوە بە پێچەوانەی ڕووداو و هێرشە بەردەوامەکانی پێشتر دەنگدانەوەی زۆر لە ئاستی عێراق و جیهاندا لێکەوتەوە و تەنانەت هەندێک ڕەخنەی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیشی بەدواوە بوو و ئەوە باس کرا بۆچی عێراق بۆ ڕشتنی خوێنی هاووڵاتیانی کورد بەم شێوەیە نەهاتووەتە سەر خەت و هەڵوێستەکانی پێشتری لاواز بووە.
پێویستە بگوترێ هەر لە دوای ڕووداوەکە وەزارەتی دەرەوەی عێراق شاندێکی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرد و دواتر سوپا و دامەزراوەی تری عێراقیش شاندیان ڕەوانە کرد و بە فەرمی ئەوە پشتڕاشت کرایەوە کە هێرشە لە لایەن تورکیاوە كراوە. رووداوەکە لە شەقامەکانی عێراق کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و لە چەندین شوێن نووسینگەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا داخران و لە هەندێک شاریش داوای داخستنی کونسوڵخانەکان و باڵوێزخانەی تورکیا لە عێراق و پچڕاندنی سەرجەم پێوەندییەکان کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا تورکیا دانی بەو هێرشەدا نەناوە و بە فەرمی بەئەستۆی نەگرتووە و، دیار نییە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان هیچ بڕیارێک دەردەچێت یان نا.

ھەواڵی زیاتر