پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕێنوێنیی پشكنینی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ راگه‌یاندرا كه‌ له‌ پشكنینی پێشوو ده‌رنه‌چووبوون

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، مه‌رج و ڕێنوێنییه‌كانی دووباره‌ پشكنینه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌ركرد، كه‌ له‌ پشكنینی پێشوو ده‌رچوون.

به‌پێی ڕێنوێنییه‌كان، لیژنه‌یه‌كی نوێ پێك بهێندرێ بۆ پشكنینه‌وه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ مادده‌ی یه‌كی به‌یانی ژماره‌ 16ی ساڵی 2022 ئاماژه‌ی پێ كراوه‌، كه‌ پێویسته‌ ئه‌فسه‌رێك سه‌رۆكایه‌تی بكا پله‌ی له‌ نه‌قیب به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ بێ و خۆی و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ شاره‌زای مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌ت بن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌: ئه‌و لیژنه‌یه‌ دوای پشكنین ته‌نیا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ تۆمار ده‌كه‌ن كه‌ مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تییان به‌ ته‌واوی تێدایه‌ یان هۆكار (له‌حیمێكی بچووك، یان درزێك، یان كونێك له‌ شانسی) بووه‌ته‌ هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌ پشكنینی پێشوو، ئه‌و كه‌موكورییه‌ نابێته‌ هۆكاری نه‌مانی سه‌لامه‌تی لێخوڕین. هه‌ر ئۆتۆمبێلێكیش كه‌ له‌ پشكنین ده‌رده‌چێ، پێویسته‌ كۆنووس به‌ واژۆی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ ئاماده‌ بكرێ و ئه‌و كه‌موكوڕییه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری ده‌رنه‌چوونی له‌ پشكنینی پێشوو، تۆمار بكرێ.

هه‌روه‌ها بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵی سێیه‌م له‌ مادده‌ی یه‌كی به‌یانه‌كه‌، له‌گه‌ڵ كۆنووسی هه‌ر ئۆتۆمبێلێك دوای پشكنین و تۆماركردنیان و تۆمارنه‌كردنیان، بروانامه‌ی (COC)ی هاوپێچ بكرێ.

ڕۆژانه‌ ئه‌و كۆنووسانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ واژۆ كرابێ، كۆده‌كرێته‌وه‌ و به‌ نووسراوی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆ، ڕه‌وانه‌ی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌ ده‌كرێ.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌: پێویسته‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ پابه‌ند بێ به‌ پشكنینی ته‌نیا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی پێش كاتژمێر 03:00ی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی 4/7/2022 داخڵی خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون.