پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە پارێزگای دهۆک تونێلێکی ستراتیژی دروست دەکرێت

بڕیارە لە پارێزگای دهۆک تۆنێلێکی گرنگ و ستراتیژی دروست بکرێت و ماوەی 45 خولەک لە مەودای ڕێگاکە کەم دەکاتەوە.

خه‌دیجە عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: ”بڕیارە تونێلێکی زۆر گرنگ و ستراتیژی لە پارێزگای دهۆک دروست بکرێت کە دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی”.

بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک گوتیشی: ”ئەو تونێلە لە چیای مەتین دروست دەکرێت کە ماوەیەکی زۆرە لە پلانی ئێمەدایە و ئێستا ڕەزامەندیی لەسەر دراوە”.

ئەوەیشی ئاشکرا کرد: ”ئەم تونێلە لەلای ناحیەی بامەڕنییەوە دەست پێ دەکات و بەرەو ناحیەی کانی ماسی و بەرواری باڵا دەچێت و درێژاییەکەی چوار کیلۆمەتر و نیوە و لەپاش تەواوبوونی ماوەی 45 خولەک لە مەودای ڕێگاکە کەم دەکاتەوە”.

گوتیشی: ”تەنیا ئەوەی ماوە کە پارەی بۆ خەرج بکرێت کە 200 ملیار دیناری پێویستە و بە دروستکردنی ئەو تونێلە خزمەتێکی مەزن بە خەڵکی پارێزگای دهۆک دەکرێت”.