ئایا گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بەشی ناوخۆی کوردستان دەکات؟

گەنم دانەوێڵەیەکی هەرە گرنگە و لە هەرێمی کوردستانیشدا بەرهەم دێت و بەشی زۆری ڕووبەرە کشتوکاڵییەکانی داگیر کردووە چونکە ناوچەکە لەبارە بۆ چاندنی ئەم جۆرە دانەوێڵەیە. ئەم بەرهەمە، بەرهەمێکی زستانەیە و بەتایبەتی لەو شوێنانە دەچێنرێت کە ڕادەی بارانبارینی ساڵانەی لەنێوان(٤٠٠-٥٠٠) ملم دایە.

گەنم، کۆنترین دانەوێڵەیە کە مرۆڤایەتی ناسیویەتی و مێژووەکەی بۆ چاخی بەردین دەگەڕێتەوە کە ئەو کات مرۆڤەکان زۆر بە پیرۆزیان زانیوە و بە دانەوێڵەی بەهەشت ناویان بردووە. شوێنی سەرەکی ئەم دانەوێڵەیە (فەلەستین و ئەردەن و سوریا و لوبنان و یۆنان بووە).
گەنم سەرەچاوەیەکی بەسوودی خۆراکیە کە پێک دێت لە: شەکر و پرۆتین و چەوری و کانزاکان و ڕیشاڵی سلیلۆزی.
ساڵانە نزیکەی ٣ملیۆن و ٥٠٠هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم دادەچێنرێت بەڵام ڕێژەی بەرهەمەکەی لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر بە پێی ڕێژەی بارانبارین دەگۆڕێت کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەهۆی کەمبارانیەوە ڕێژەکەی ساڵ بە ساڵ کەم دەکات بە بەجۆرێک لەساڵی ٢٠١٩ بڕی گەنمی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە سێ ملیۆن تەن بووە و ئەم ڕێژەیەش بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دابەزیوە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن تەن و دواتریش لە ساڵی ٢٠٢١دا بووەتە ١٢٦هەزار تەن. بەڵام بۆ ئەمساڵ بەپێی پێشبینیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێشبینی دەکرێت، ڕێژەکەی لە ساڵی ڕابردوو زیاتر بێت چونکە بە وتەی حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، “ئەمساڵ تاوەکو ٢٠ی حوزەیران زیاتر لە ١٣٥هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکان وەرگیرابوون و رۆژانەش وەرگرتنی گەنم بەردەوامە.”
هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانەکەی، ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە ٧٥٠هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی دانیشتووان و ئەو ساڵانەی کە ڕێژەکە لەوە زیاتر بێت هەناردەی دەرەوە دەکرێت بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕەنگە بەرهەمهێنانی گەنم، پێویستی پێداویستی دانیشتووان پڕ نەکاتەوە.
لە عێراقیشدا ساڵانە بڕی ٥ملیۆن تەن گەنم پێویستە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ناوخۆ و لەو ڕێژەیەش تا ئێستا بڕی ١ملیۆن تەن گەنم بەرهەم هاتووە.
دوای ئەوەی، ئەمساڵ لە دەڤەری گەرمیان بە فەرمی وشکەساڵی ڕاگەیێندرا، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەشێک لە پارێزگای هەولێر بەهۆی کەمی بارانییەوە زیانێکی زۆر بە بەرهەمی گەنم گەیشت. نەوزاد كامل لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستانەوە لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد کە رەزامەندی بۆ هاوردەكردنی ٣ملیۆن تۆن گەنم بۆ عێراق وەرگیراوە و ئەگەر بەرهەمی ناوخۆ كەمی هەبوو ئەوكات بڕی پێویست هاوردە دەكرێت و ئەو كەمییە پڕ دەكرێتەوە.
جێی باسە ئەمساڵ هەر تۆنێک گەنم بە ٨٥٠هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.

ھەواڵی زیاتر