لە شارەدێى سیروانى سەر بە پارێزگاى هەڵەبجە، تەرمى هاووڵاتییەک دۆزرایەوە کە پیشتر لە ماڵەکەى خۆیدا گیانى لەدەست دابوو.
موقەدەم بارزان عوسمان، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: “شەوى (٢٥|٧|٢٠٢٢)، بنکەى پۆلیسى سیروان ئاگادار کرایەوە بە بوونی تەرمێک لە گەڕەکی ئازادیی ناحیەی سیروان، پاش گەیشتنی تیمی لێکۆڵینەوەی پۆلیس و بەڵگە و تاوان دەرکەوت تەرمی هاووڵاتی جەلال محەمەد حوسێن تەمەن ٦١ ساڵ، کە بێکار بووە و خۆی بەتەنیا لە خانوویەکدا دەژیا، چەند ڕۆژێک بەسەر مردنیدا تێ پەڕیوە”.
گوتیشى: “تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکیی دادی هەڵەبجە دەکرێت بەمەبەستی زانینی هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی و دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە بنکەی پۆلیسی سیروان بۆ ڕووداوەکە ڕێک خراوە”.