چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی كێڵگه‌ی كۆرمۆر داوایه‌ك له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كات 

په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆری كرد و داوای له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م هێرشانه ‌له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم بۆشایی‌ ئه‌منی ناوچه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌ش ده‌ستگیر بكه‌ن.

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: بەداخەوە جارێکی دیکە گرووپە لە یاسا دەرچووە گێرەشێوێنەکان هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ئەوەش درێژکراوەی زنجیرەیەک هێرشی ترسنۆکانەیە بۆ سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەستووری عێراقی بۆ بەرژەوەندی خەڵک فەراهەم کراوە.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: وێڕای بە توندی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین پابەندییان بە هەماهەنگییەکانیان لەگەل حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەو ناوچانە دروستبووە، پڕ بکەنەوە.

ڕاشیگه‌یاند: هاوکات ئەرکی حکوومەتی عێراقیشە بەپەلە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیر بکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە و هەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: دامەزراوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی کوردستان و لەچوارچێوەی دەستووری عێراق بنیاتنراون و موڵکی خەڵکی هەموو عێراقن و ماف و دەسکەوتی خەڵکی کوردستانن، بۆیە پێویستە پارێزگاری تەواویان لێ بکرێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لێژنەکانی ناوچە کوردستانییەکان و وزە و سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و پێشمەرگە رادەسپێرین تا لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوونی ورد بکەن لە هۆکاری دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و چۆنیەتی زامنکردنی زیاتری ئاسایشی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان.