سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی بەشداری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، پیرۆزبایی لە بزووتنەوەکە دەکات و دەڵێت، هیوادارم گۆڕان و لایەنە بەشدارەکانی حکومەت، هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی.
لە پەیامێکیدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت “بە بۆنەی سێزدەمین ساڵیادی ڕاگەیاندن و بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسیی، پیرۆزبایی لە گشت ئەندام و ھەڵسوڕاو و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەم و ئومێدی سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوت و پرسە نیشتیمانییەکان”.
سەرۆکی حکومەت هیوای ئەوەی خواستووە، بزووتنەوەی گۆڕان وەک لایەنێکی گرنگی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە بەشدارەکانی دیکەی حکومەت، زیاتر ھەماھەنگ و ھاوکاربن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارنامە چاکسازییەکەی باشتر جێبەجێ بکات و زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلی کوردستان.
بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات بەشداریکردووە، چوار وەزیر و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەیە.