زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان پەراوێز دەخرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، هاوراستا نەبووە لەگەڵ گەشەی زمانی کوردی، لە کاتێکدا نەک لە کوردستان بەڵکوو لە ئاستی عێراقدا لەپاڵ زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی هەژمار دەکرێت. دۆخەکە ئەوە دەخوازێت زمانی کوردیش شان بە شانی گەشەی سەرجەم کەرتەکان، گەشە بکات و ئەو زمانە پەراوێز نەخرێت کە لەپێناو زیندووهێشتنەوەیدا چەندین راپەڕین و شۆرش کراون و بە سەدان هەزار کەس لە پێناویدا گیانیان بەخت کردووە.

لە هەموو وڵاتانی دنیا زانینی زمانی وڵاتەکە بە تایبەتی بۆ کەسێک کە مافی نیشتەجێبوون لە وڵاتەکە وەردەگرێتیا بەیەکجاری وەک هاووڵاتییەک لێی نیشتەجێ دەبێت بە مەرجێکی سەرەکی ژیان و کار هەژمار دەکرێت. یەکەم هەنگاوی وڵاتان ئەوەیە کەسەکە فێری زمانی فەرمی وڵاتەکەبکرێ ئەو جا بۆی هەیە بخوێنێتیان لە کایەی ئابووری بەشداری بکات و بچێتە ناو بازاڕی کارەوە.
لە هەرێمی کوردستان کە زمانە فەرمییەکەی کوردییە، نەتوانراوە لەو رەهەندەوە بیر لە گەشەی زمانی کوردی بکرێتەوە و بەداخەوە خەریکە زمانی کوردی زیاتر پەراوێز دەخرێت و لە بایەخی زمانەکە کەم دەکرێتەوە و بە شێوەیەکی زۆر هێمنانە زمانی عەرەبی و زمانی تر جێ بە زمانی کوردی لێژ دەکات.
لە هەولێری پایتەخت بەتایبەتی ئەوانەی کە زمانی عەرەبی نازانن لە هەندێک شوێندا هەستیان بە بێگانەبوونی خۆیان لە ناو نیشتمانیان کردووە.
پەرەسەندنی ئابووری هەرێمی کوردستان و بوونی ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی وەبەرهێنان لە شارەکە وایکردووە خەڵک لە وڵات و شوێنی جیاوازەوە بە مەبەستی دەستخستنی هەلی کار رووی تێ بکەن و نیشتەجێ ببن.
کەمتر پڕۆژەی خواردنگە و شوێنی گەشتیاری و هوتێل و موتێلی کوردستان هەیە پڕ نەبن لەو کرێکارانەی هی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن. پشکی شێری ئەو کرێکارانە بە عەرەبی پارێزگاکانی عێراق دەکەوێت هەر چەندە لە پارچەکانی تری کوردستانیش کەم نین ئەو کرێکارانەی لە پڕۆژە جیاوازەکانی کوردستان خەریکی کارکردنن. بەشێک لە کرێکارانیش لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا هاتوونەتە کوردستان و کار دەکەن.
زۆربەی بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان خۆیان فێری زمانی کوردی کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی کە زمانی عەرەبی نازانن. بۆ نموونە هیچ بەنگلادیشییەک نییە لە هەرێمی کوردستان کار بکات و زمانی کوردی نەزانێت، بەڵام ئەوانەی زمانی عەرەبی دەزانن بە پێویستیان نەزانیوە زمانی کوردی فێر ببن و زمانی عەرەبی خۆیان بەسەر هەرێمی کورستاندا سەپاندووە و لایەنە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانیش هیچ مکانیزمێکیان بۆ ئەو پرسە نەبووە و بایەخیان پێی نەداوە.
لە هەندێک مۆڵ و کافتریا و خواردنگەکانی هەولێر کەم نین ئەو ستاف و کرێکارانەی کەیەک وشە کوردیش نازانن بەڵام لە کار و کاسبییاندا هەست بە هیچ کێشەیەک ناکەن و هەرگیزیش ئەوە بە پێویست نازانن دوو وشە کوردی فێر ببن بۆ ئەوەی وڵامی کڕیارە کوردەکانیان بدەنەوە.
ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە عەرەبی نازانن گلەیی ئەوەیان هەیە و دەڵێن ناچار نین لە وڵاتی خۆیان بۆ سەردانکردنی خواردنگەیەکیان مۆڵێک عەرەبی بزانن و کورد بۆ ئەوە خەباتی نەکردووە زمانی خۆی پەراوێز بخات. یەکێک بۆ هەولێر باسی لەوە کرد کە سەردانی خواردنگەی کردووە، بەڵام بەرانبەرەکەی کوردی نەزانیوە و خۆیشی عەرەبی نەزانیوە و بە ئیشارە هەوڵیان داوەیەکتر تێ بگەیەنن. دیاردەیەک کە لە هیچ وڵاتێکی تری جیهان مایەی قبووڵکردن نییە.
ئەگەر دۆخەکە هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا دوای چەند ساڵێکی تر بۆ ئەوەی لە بازاڕکردن و سەردانی خواردنگەکان تووشی هیچ کێشەیەک نەبیت دەبێت بەشداری لە خولێکی زمانی عەرەبیدا بکەیت.
دۆخەکە ئەوە دەخوازێت، ئەو کرێکارە عەرەبانەی لە هەرێمی کوردستان مافی نیشتەجێبون وەردەگرنیا لە خواردنگەکان و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و گەیاندن کار دەکەن شارەزاییەکی سەرەتاییان لە زمانی کوردی هەبێت و وەک مەرج لە خولی زماندا بەشدارییان پێ بکرێت و تەنانەتبەشێکلە مێژوو و کلتووری کوردستانیشیان فێر بکرێت. چونکە ناکرێ لە وڵاتێک بژیت و لێی بحەسێیتەوە، بەڵام هیچ شارەزاییەکت لە زمان و مێژوویان نەبێت.
هیوا عەلی کە چەند ساڵێک لە ئەڵمانیا بووە دەڵێیەکێک لە هەرە مەرجە سەرەکییەکانی وڵاتان دوای گەیشتنی هەر پەناخوازێک ئەوەیە فێری زمانی وڵاتەکە ببێت و مەرجی سەرەکی دەستکەوتنی هەلی کار و بەشێک لە مافەکانی تری وەک خوێندن ئەوەیە زمانی وڵاتەکە فێر ببێت.
پێویستە لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکان تەنیا بۆ فێربونی زمانی بێگانە نەبن، بەڵکوو بۆ فێربوونی زمانی کوردیش سەنتەر و پەیمانگە بکرێنەوە و حکوومەت بیکاتە مەرج لەسەر کۆمپانیاکان، تا کرێکارەکانیان فێری زمانی کوردی بکەن و ئەمەش دەتوانێت وێڕای سوودگەیاندن بە زمان و کلتوری کوردی ببێتە هۆی هاتنەکایەی هەلی نوێی کار.
کێشەی زمانی کوردی تەنیا ئەوە نییە کرێکارەکان قسەی پێ ناکەنیان نایزانن بەڵکوو لە تابلۆی سەر دووکان و شوێنەکانەوە بگرە تا دەگاتەلیستی خواردنی خواردنگەکان هیچ هێمایەکی کوردییان پێوە دیار نییە و خەریکە زمان و کلتووری کوردی لە هەولێر دەکەوێتە پەراوێز و زمانی تر شوێنیدەگرنەوە، دیاردەیەکی مەترسیدار کە پێویستە لانی کەم وەزارەتی رۆشنبیری مشووری بخوات.

ھەواڵی زیاتر