هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە پەیمانی لۆزاندا كورد جگە لەوەی وەكو نەتەوە ناوی نەهاتووە، دانیشی پێدا نەنراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە ٢٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٢٣، پێنج ساڵ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، لە نێوان براوەکانی جەنگەکە و تورکیای نوێ پەیماننامەیەک واژۆ کرا کە بەهۆیەوە سەرجەم خەونەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی لەبار بردرا و تەواوی ئەو ماف و بەڵێنانە پشتگوێ خران کە لە پەیماننامەی سیڤەر، مافی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردییان بۆ کوردستان بە ڕەوا زانیبوو. لەو کاتەوە کورد لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات، بەڵام لەگەڵ هەڵوێستی دوژمنکارانەی داگیرکەران بەرەوڕوو بووە.

جەنگی یەکەمی جیهانی، ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ٢٠١٨ بە سەرکەوتنی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی بەریتانیا و فەڕەنسا کۆتایی هات و ئیمپراتۆری عوسمانی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. قۆناغی دوای جەنگ کۆمەڵێک پەیماننامەی جیهانیی بەخۆیەوە بینی، لە دیارترینیان کە پێوەندییان بە چارەنووسی گەلی کوردەوە هەبوو، سیڤەر و لۆزان بوون.

پەیماننامەی سیڤەر
ڕۆژی ١٠ ئابی ساڵی ١٩٢٠، پەیماننامەی سێڤەر واژۆ کرا. بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و وڵاتانی هاوپەیمانیان کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیی سەرکەوتبوون ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنەکە کرد لە بەرانبەریشدا نوێنەرانی تورکیا بەشدار بوون و بەندەکانی پەیمانەکەیان پەسند کرد.
پێش واژۆكردنی سیڤه‌ر، بڕیار ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوردستان بكرێته‌ به‌شێك له‌ ئه‌رمینیا یان توركیا و مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ته‌واوه‌تیان پێ بدرێت، كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی فوڕاته‌وه‌ تا سنووره‌كانی ئێران درێژ ده‌بووه‌وه‌، به‌ڵام نوێنەرانی کورد لەوانەش شه‌ریف پاشا بەمە ڕازی نەبوو. شەریف پاشا پێشتر به‌رپرسێكی باڵای عوسمانییه‌كان بوو. لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکە هه‌مووان ڕازی بوون كه‌ مافی ده‌وڵه‌ت بە کۆمەڵێک مەرجەوە بە کورد بدرێت.
پەیمانی سیڤەر پەیمانێکی گشتگیر و بەرفراوان بوو کە لە سەر زۆربەی پرسەکانی پێوەندیدار بە ئیمپراتۆری ڕووخاو بە مادەی تایبەتیی کێشەکانی یەکلایی کردبووەوە. ئەوەی زیاتر پێوەندیی بە کوردەوە هەبوو سێ مادەی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بوون.
بەگوێرەی مادەی ٦٢ لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئیستانبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت، لە هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵات و مافە بۆ کورد شەش مانگ دیاری دەکرێ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کوردیان تێدایە و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فوڕات و باشووری خۆرئاوای ئەرمینیا و ئەو شوێنانەی دواتر دەستنیشان دەکرێن. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لە سووریا و عێڕاق، دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەم و سێیەمی بڕگەی دووی بەندی ٢٧دا هاتووە، بەڵام لە کاتی ڕێک نەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە حکوومەتەکانیان ئاگادار دەکەنەوە. پێویستیشە ئەم پرۆژەیە گەرەنتی تەواوی مافەکانی کلدان و ئاشووری و کەمایەتی نەتەوەیی و ئایینی تری نێو ئەم ناوچانە بکات، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و-ئێران- و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی ڕاستکردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیاش بڕیار بدرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری ئاماژەپێکراو، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت.
وەک لە مادەی ٦٣ دا هاتووە حکوومەتی عوسمانی، پەیمان دەدات لە ماوەی سێ مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنە، کە لە بەندی ٦٧دا باس کراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات.
بە پێی مادەی ٦٤ ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەستنیشانکراوانە، کە لە بەندی ٦٢دا هاتوون، داوایەکیان پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیا ببنەوە و کۆمەڵەی ناوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پەسندی بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو داوایە جێبەجێ بکات و دەستبەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەستبەرداربوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەستبەرداربووندا، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمان، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- نیشتەجێن و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ دەوڵەتە سەربەخۆکەی کوردا یەک بگرن.

سڕینەوەی مافەکانی کورد
کەمتر لە سێ ساڵ دوای پەیماننامەی سیڤەر، پەیماننامەی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٢٣ واژۆ کرا. کۆنگرەکە لە لۆزانی سویسرا ساز کرابوو بۆیە ئەو ناوەی لێ نرا.
لە ڕاستیدا کۆنگرەکە لە مانگی تشرینی دوومی ١٩٢٢دا دەستی پێ کرد و لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٣دا لەبەر ئەوەی هیچ ئەنجامێکی نەبوو کۆتایی پێهات و بۆ کاتێکی تر هەڵگیرا. دواتر گفتوگۆکان لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٢٣ەوە درێژەیان پێ درا تا مانگی تەمووزی خایاند.
مەبەست لە کۆنگرەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە لایەک و پرسی تورکیای نوێ و مافی کەمینەکان و یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانە بوو کە لە نێوان وڵاتانی براوەی جەنگ و تورکەکان یەکلایی نەببوویەوە. هەموو هەنگاوەکان بۆ ئەوە بوو، پەیمانی سیڤەر چیتر کاری پێ نەکرێت و تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی چ لەگەڵ یۆنان و چ لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا و پرسی خاک، پشت بە پەیماننامەیەکی نوێ ببەستێت.
وەک ئاشکرایە لە پەیمانی سیڤەردا کۆمەڵێک مافی گرینگ بۆ کوردستان دیاری کرابوو، بەڵام پەیمانەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا و تورکەکان دەیانزانی جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر دەبێتە سەرئێشە بۆیان بۆیە هەموو هەوڵەکانیان بەگەڕ خست تا ئەو خاڵانەی پەیمانی سیڤەر لابەرن و پەیمانی نویێ لۆزان هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لە ناوەڕۆکی پەیمانەکە تێدا نەبێت.
پەیمانی سیڤەر باشترین پەیمان بوو کە مافی دەوڵەتی بە کورد دا، بەڵام ڕووداوەکانی دواتر ئاراستەی پەیماننامەکەی گۆڕی و ڕێگریی کرد لەوە پەیماننامەکە جێبەجێ بکرێت. تورکەکان کە دواتر بە کەمالیستەکان ناسران ئەوکات کە باش لە دەرهاویشتەکانی سیڤەر تێ گەیشتبوون، هەموو هەوڵێکی خۆیان وەگەڕ خست کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بەلاڕێدا بەرن و کورد بە بەشێکی دانەبڕاو لە تورک حساب بکەن و بۆ ئەو ئامانجەشیان سوودیان لە کۆمەڵێک بەکرێگیراوی کورد وەرگرت و وایان لە وڵاتان گەیاند کە کورد خۆیان بە تورکی کێوی دەزانن و دەیانەوێت هەر لە چوارچێوەی تورکیای نوێدا بمێننەوە.

فێڵی کەمالیستەکان
لۆزان ئەوەندە مافەشی نەهێشت کە لە سیڤەردا دیاری کرابوون. لەم کۆنگرەیەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتیی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتان خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی توركیا کە دەڵێن بە ڕەچەڵەک كورد بووە وەك نوێنەری حكوومەتی توركیا بەشدار بووە، لۆرد كرزۆن سیاسەتمەداری ناسراوی ئینگلیزی وەك نوێنەری حكوومەتی بەریتانیا لەسەر پرسی ویلایەتی مووسڵ كەوتنە گفتوگۆوە. ئەو گفتوگۆیانە بە بەشداریی نوێنەرانی تر و فەرماندەکانی سەربازی درێژەیان پێ دراوە.
دەوڵەتی توركیا چەند ئەندام پەرلەمانتارێكی كوردی بۆ كۆنگرەكە ناردبوو بۆ ئەوەی پیشانی بدەن ئەمانە نوێنەری كوردن و هاتوون بۆ ئەوەی لەكۆنگرەكەدا بەرەزامەندیی خۆیان، ئەوە ڕابگەیەنن كە بخرێنە سەر دەوڵەتی توركیا و ئاشکرایە ئەوانە گوزارشتیان لە کەمالییەکان دەکرد، نەک کورد.
پەیمانی لۆزان بەهیچ شیوەیەك ناوی كورد و كوردستانی تێدا نەهاتووە، ناوی ئەرمەنی تێدا نەهاتووە، تەنانەت باس لەسیڤەریش ناكات، بەڵام ناوەڕۆكەكەی هەڵوەشانەوەی پەیمانی سیڤەرە، تەنانەت لەو ڕێكەوتننامەیە ئەوەندەی كە قازانجی گرووپە ناموسڵمانەكانی تێدا بوو ئەوەندە قازانجی كەمینە موسڵمانەكانی تێدا نەبووە؛ بۆ نموونە لە پەیمانی لۆزاندا كورد جگە لەوەی وەكو نەتەوە ناوی نەهاتووە و دانیشی پێدا نەنراوە، تەنانەت وەكو كەمینەیەكی بچووكیش لە توركیا دانی پێدا نەنراوە، چونكە یەكێك لەخاڵەكان ئەوەیە كە دەبێت توركیا مافی زمانەوانی و مافی كەمینە ناموسڵمانەكان دابین بكات، لەبەر ئەوەی كورد مسوڵمانە، ئەم خاڵە نایگرێتەوە تەنانەت خوێندنی زمانی كوردیشی بۆ كورد نەسەلماندووە.
بە پێچەوانەی سیڤەر بە هیچ شێوەیەک باسی لە مافی کورد نەکرد و دواجار کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕووخاوی عوسمانی بەسەر هەر سێ وڵاتی تورکیا و عێراق و سووریا دابەش بوو.
لەو کاتەوە کورد بە دەیان جار شۆڕشی كردووە و لە داگیركەران ڕاپەڕیوە، بەڵام زۆربەیان سەرکوت کراون هەر چەندە دەستکەوتیش لە قۆناغی جیاواز بەدی هاتوون بەڵام هیچ کامێکیان بە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ کۆتاییان نەهاتووە.